خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی ساڵی 2024 بەخشرایە ڕێکخراوی ژاپۆنی نیهۆن هیدانکیۆ، کە بزووتنەوەیەکی ڕزگاربووانی هێرشە ئەتۆمییەکەی سەر هیرۆشیما و ناگاساکین و کاردەکەن لە پێناو جیهانێکی خاڵی لە چەکە ئەتۆمییەکان.
ڕۆژی هەینی سەرۆکی کۆمیتەی نۆبڵی نەرویجی یۆرگین واتن فرایدنس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج خەڵاتەکەی ڕاگەیاند. وتی گروپەکە خەڵاتەکە وەردەگرن چونکە " لە ماوەی شایەتیدانەکاندا دەریاخستووە کە چەکی ئەتۆمی نابێت هەرگیز جارێکی دیکە بەکاربهێندرێنەوە."
لە ساڵی 1945 دا دوو بۆمبە ئەمەریکاییەکە بەسەر ژاپۆندا بەردرانە خوارەوە، سەرەتا بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 120,000 کەس، دواتر نزیکەی هەمان ژمارە بەهۆی سوتاویی و کاریگەریی تیشکەکەوە گیانییان لە دەستدا. نزیکەی 650,000 ڕزگاربوو هەن و لە ژاپۆن بە هیباکوشا ناسراون.
بەپێی بەیاننامەیەکی کۆمیتەی نۆبڵ، چارەنووسی ڕزگاربووان شاردراوەتەوە و پشتگوێ خراوە. لە ساڵی 1956 دا ئەنجومەنەکانی ناوخۆی هیباکوشا لەگەڵ قوربانییانی تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکاندا لە پاسێفیک، پێکەوە یەکییان گرت و ڕێکخراوێکیان دامەزراند کە دواتر بە نیهۆن هیدانکیۆ ناسرا.
وتیشی بزووتنەوەکە بە زوویی بوو بە گەورەترین بزووتنەوە و گەورەترین نوێنەرایەتیکردنی ڕێکخراوی هیباکوشا لە ژاپۆن. دوو ئامانجی سەرەکی هەبوو: هاندان بۆ مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی سەرجەم هیباکوشاکان، بەوانەشەوە کە لە دەرەوەی ژاپۆن دەژین، هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی کە جارێکی دیکە هیچ کەسێک ڕووبەڕووی چەکی ئەتۆمی نەبێتەوە.
لە ساڵی 2020 دا ئەندامێکی نیهۆن هیدانکیۆ، جیرۆ هاماسومی، لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی فرانس پرێسدا وتی " ئەگەر ئێمە قسە نەکەین، ئەوا بۆردومانەکان لە بیر دەکرێن وەکو ئەوەی هەرگیز ڕوویان نەدابێت. لەبەر ئەوەیە دەبێت ئێمە هەمیشە ئەو مێژووە و تۆماری شایەتی خەڵکەکە بپارێزین."
کۆمیتەی نۆبڵ وتیشی گروپەکە لە ڕێی کەمپینە پەروەردەییەکانییەوە لەسەر ئەزموونی خۆی " یارمەتیدەر بووە لە دروستکردنی دژایەتییەکی بەرفراوان بۆ چەکە ئەتۆمییەکان."
وتیشی " لەم ساتەی مێژوویی مرۆڤدا، شایەنی ئەوەیە بە بیری خۆمان بهێنینەوە کە چەکی ئەتۆمی چییە: ڕووخێنەرترین چەکە کە تاوەکو ئێستا جیهان بینیبێتی."
ڕۆژی هەینی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش بە گەرمی پیرۆزبایی لە ڕێکخراوی نیهۆن هیدانکیۆ کرد و وتی ڕێکخراوێکی " خۆنەویستن و شایەتن لەسەر باجی ترسناکی چەکە ئەتۆمییەکان لەسەر مرۆڤ، ئەوان بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی جیهانی داماڵینی چەکی ئەتۆمین."
وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە سەرکردەکانی جیهان وەکو هیباکوشاکان بە چاوێکی ڕوون سەیرکەن و ببینن چەکی ئەتۆمی چییە: ئامێری مەرگن کە هیچ پارێزراوی و پاراستن و ئاسایشێکییان نیە. تەنها ڕێگە بۆ لە ناوبردنی مەترسی چەکی ئەتۆمی لە ناوبردنییانە هەموویان پێکەوە."
لەگەڵ خەڵاتەکەدا بڕی یەک ملیۆن دۆلاریش دەدرێت بە براوەی خەڵاتەکە.
خەڵاتەکانی نۆبڵ بۆ ئەدەب و تەندروستی و فیزیا و کیمیا پێشتر لەم هەفتەیەدا بەخشران. ڕۆژی دووشەممە خەڵاتی ئابووریی نۆبڵی دەبەخشرێت.
خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ بە فەڕمی لە مەراسیمێکدا لە 10 ی مانگی دوانزەدا دەبەخشرێت و سەرجەم خەڵاتەکانی دیکەش لە هەمان ڕۆژدا لە ستۆکهۆڵم دەبەخشرێن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا