ڕابەری جیاخوازەکانی هەرێمی دۆنێتسکی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت وتی هیچ هۆکارێک نیە بۆ ئەوەی لەو دوو بەڕیتانیە خۆش ببین کە هەفتەی ڕابردوو سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە میانەی شەڕیاندا بۆ ئۆکرانیا دەستگیرکران.
پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هەردوو هەرێمی لوهانسک و دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای وەکو دوو دەوڵەتی سەربەخۆ ناساند.
ڕۆژی هەینی دادگایەکی ' کۆماری گەلی دۆنێتسک ' بە تۆمەتی ئەنجامدانی " چالاکی بەکرێگیراویی و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی کۆمارەکە " هەریەک لە ئایدن ئاسلین و شۆن پینەر بەڕیتانی و براهیم سەعدوونی مەغریبی تۆمەتبار کرد.
بەڕیتانیا دەڵێت ئاسلین و پینەر دوو سەربازی ئاسایی بوون و دەبێت بەپێی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ لێخۆشبوونیان بۆ دەربکرێت لەسەر بەشداریکردن لە شەڕەکاندا. جیاخوازەکانی هەرێمی دۆنێتسک دەڵێن دوو بەڕیتانییەکە تاوانی کوشندەیان ئەنجامداوە و یەک مانگییان لەبەردەستدایە تاوەکو داوا لە دادگا بکەن پێداچوونەوە بۆ دۆسییەکەیان بکات.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا لە زاری ڕابەری جیاخوازەکانی دۆنێتسک دێنیس پوشیلینەوە بڵاوییان کردەوە " هیچ هۆکارێک و مەرجێکی پێشوەخت نابینم بۆ ئەوەی بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ دەربکەم.
ڕووسیا هەوڵ دەدات هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکات و لەژێر دەستی ئۆکرانیادا دەریانبهێنێت، بەشێکی هەرێمی دۆنێتسک و لوهانسک لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندان.
خێزانی ئاسلین دەڵێت ئاسلین و پینەر " هەرگیز بەکرێگیراو نین و نەبوون."
خێزانەکەی ئاسلین لە بەیاننامەیەکدا وتی " کاتێک جەنگەکە هەڵگیرسا ئەوان لە ئۆکرانیا دەژیان، وەکو سەربازانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، دەبێت وەکو هەر دیلێکی دیکەی جەنگ بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ڕابەرێکی جیاخوازەکانی ئۆکرانیا: لێخۆشبوون نیە بۆ ئەو بەریتانیانەی کە سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندراوە
