پۆلیس و دانیشتوانی ناوچەکە وتیان کۆمەڵێک چەکدار لە ویلایەتی سۆکۆتۆی نایجیریا پاسێکیان سوتاند و لانی کەم 30 سەرنشینی پاسەکە سوتان و گیانیان لەدەستدا.
چەکدارەکان کە لە ناوخۆیدا بە چەتە ناسراون، لە ساڵی ڕابردوو هێرشی توندوتیژییان دژی گوندنشینەکان و گەشتیارانی ناوچەکە ئەنجامداوە لە باکووری وڵاتەکەدا و سەدان منداڵی قوتابخانەکانییان ڕفاندووە.
وتەبێژی پۆلیسی ویلایەتی سۆکۆتۆی باکووری ڕۆژئاوای نایجیریا سانوسی ئەبوبەکر وتی پاسەکە 24 کەسی تێدا بووە کاتێک لەلایەن کۆمەڵێک چەکدارەوە ئاگری تێبەردراوە و حەوت کەسیان بە بریندارییەوە هەڵهاتوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەڵام ئەو دوو هاوڵاتیەی کە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لاشەکانیان هێناوەتە دەرەوە بە ڕۆیتەرزیان وت پاسەکە پڕبووە لە خەڵک و لاشەکان بەشێوەیەک سوتاون کە ناناسرێنەوە.
وتیان لاشەی لانی کەم 30 کەسیان بژاردووە، منداڵ و ئافرەتیشیان تێدا بووە.
دانیشتوانی ناوچەکە وتیان گوندنشینەکان کەوتبوونە بۆسەیەکەوە لەسەر ڕێگایەک کە ناوچەی سابۆن بیرینی و گوندی گیدان باوا لە ویلایەتی سۆکۆتۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
چەتەکان بە ماتۆڕ هاتوچۆ دەکەن و لە دارستانەکاندا خۆیان حەشار دەدەن، زۆرجار ئەو کەسانەی ڕفاندوویانن لەوێ دەیانهێڵنەوە و چاوەڕێی پارەی ئازادکردنیان دەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز