Accessibility links

نایجیریا نزیکەی 1 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی نزیک لە بەسەرچوون لەناودەبات


نایجیریا زیاتر لە یەک ملیۆن ژەمە ڤاکسینی ئاسترازێنیکای دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لەناوبرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کاتی بەسەرچوونی ڤاکسینەکان نزیک بووە و نەتوانراوە بەکاربهێندرێن.

بەڕێوبەری دەزگای پەرەپێدانی تەندروستی نیشتیمانی نایجیریا فەیسەڵ سوهەیب وتی بەرپرسانی وڵاتەکە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەستدا نەبووە کاتێک ئەو ڤاکسینانەیان پێبەخشراوە کە ماوەی بەسەرچوونیان نزیک بووە.

" وڵاتی پێشکەوتوومان هەبووە کە ئەم ڤاکسینانەی دەستکەوتووە و هەڵیانگرتووە، تاوەکو کاتەکەی لە بەسەرچوون نزیک بۆتەوە، دواتر دایانناون بۆ بەخشین."

هەفتەی ڕابردوو سوهەیب وتی چیتر نایجیریا ئەو جۆرە بەخشینانە پەسەند ناکات.

جێی ئاماژەیە تەنها لە سەدا 2 ی دانیشتوانە 206 ملیۆنیەکەی نایجیریا ڤاکسینیان بەتەواوەتی وەرگرتووە، بەرپرسانی تەندروستیش ئامانجیان ئەوەیە تاوەکو مانگی دوو ڤاکسین بدەن بە زیاتر لە چارەکێکی دانیشتوانی وڵاتەکە، لەکاتێکدا گومانەکان لە ڤاکسینەکان هێشتا زۆرە، بەڵام لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لە وڵاتەکەدا زیادبووە.

لە کۆتایی مانگی یانزەدا و دوای ئەوەی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایدا دەرکەوت، حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا زیادیکردۆتەوە. بەپێی ناوەندی ڕێگریکردن لە نەخۆشیەکانی نایجیریا، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕێژەی حاڵەتەکانی توشبوون لە سەدا 500 زیادیکردووە.

ڕۆژی سێشەممە 2,123 حاڵەتی توشبوون لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە، کە ئەوەش دووەمین زۆرترین حاڵەتی توشبوونە لە تەنها یەک ڕۆژدا.

سوهەیب وتی " ئەگەر بمانەوێت بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵ بین ئەوا وڵاتان دەبێت کارێکی باشتر بکەن لە پێدانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هیچ وڵاتێک ناتوانێت پەتای کۆرۆنا لەناوببات تاوەکو هەموو وڵاتان لەناوینەبەن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG