ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر کە لە 26 ی مانگی حەوتدا لە کودەتایەکی سەربازییدا دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتە دەست، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند فەرمانی بە باڵیۆزی فەڕەنسا سیلڤەین ئیتی کردووە لە ماوەی 48 کاتژمێردا وڵاتەکە جێبهێڵێت، لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانی نێوان نەیجەر و ڕۆژئاوا خراپتر بوون.
هاوشێوەی کودەتاکانی ئەمدواییانەی ناو وڵاتانی بورکینا فاسۆ و مالی، کە دراوسێی نەیجەرن، کودەتا سەربازییەکە لە نێوەندی زیادبوونی هەستی دژ بە فەڕەنسادا هات، هەندێک لە هاووڵاتیانی وڵاتەکە فەڕەنسایان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دەستوەردان لە کاروبارییاندا.
وەزارەتی دەرەوەی نەیجەر کە لەلایەن ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەرەوە دەستنیشان کراوە وتی بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزەکە وەڵامێک بووە بۆ کارەکانی حکومەتی فەڕەنسا کە " پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی نەیجەر " بوون.
وتیشی یەکێک لەو کارانەش ڕەتکردنەوەی بانگهێشتێک بووە بۆ ئەوەی باڵیۆزەکە لەگەڵ وەزیری نوێی نەیجەردا کۆببێتەوە.
حکومەتی فەڕەنسا تاوەکو ئێستا بە فەڕمی دانی بە بڕیارێکی ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەردا نەناوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە سەربازییەکانی نێوان وڵاتەکە و فەڕەنسا، دەڵێت ئەو ڕێککەوتنانە لەگەڵ " بەرپرسانی یاسایی " نەیجەردا واژۆ کراون.
پێشتریش دوابەدوای کودەتا سەربازییەکان لە مالی و بورکینا فاسۆ، دوو وڵاتەکە داوایان لە هێزەکانی فەڕەنسا کرد وڵاتەکانییان جێبهێڵن کە فەڕەنسا پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵییاندا هەبوو.
نەیجەر گرنگییەکی ستراتیژی هەیە وەکو یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری یۆرانیۆم و وەکو بنکەیەکیش بۆ هێزەکانی فەڕەنسا و ئەمەریکا و وڵاتانی بیانی دیکە کە یارمەتی دەدەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارییە ئیسلامییەکاندا لە ناوچەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز