Accessibility links

کۆمەڵێک چەکدار لانی کەم 25 کەس لە باشووری ڕۆژئاوای نایجەر دەکوژن


بەرپرسانی نایجەر وتیان کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو 25 کەسیان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کوشتووە، ئەمەش نوێترین هێرشە لەو زنجیرە هێرشە کوشندانەی کە بەدرێژایی سنووری وڵاتەکە و مالیەوە ڕوودەدەن.

سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی تیلیا ئاتاوانی ئابیتانێ وتی چەکدارەکان بە ماتۆڕەوە هەڵیانکوتایە سەر گروپێکی چەکداری کە بەرگری لە خۆیان دەکەن لە نزیک گوندی باکورات لە هەرێمی تاهۆوا.

ئابیتانێ وتی بەرلە گەیشتنی هێزەکانی ئاسایشی نایجەر شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوون و دواتر هێزەکان بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە، بەرپرسێکی ئاسایشیش وتی تەنها یەک کەس لەو گروپە ڕزگاری بووە.

ئابیتانێ وتی " ئەمانە تیرۆریستن و لە دەرەوە هاتوون، زۆریش بوون، کوژراو هەبوو لەنێو تیرۆریستەکاندا، ماتۆڕەکانیش سوتێندران."

هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە. لەم ساڵدا لقێکی سەر بە ڕێکخراوی داعش سەدان کەسیان لە ناوچە دوورەدەستەکانی نزیک سنووری مالیدا کوشتووە.

لە هێرشێکدا لە مانگی سێدا بۆ سەر باکورات و گوندەکانی دەوروبەری 137 کەس کوژران، ئەوەش یەکێک بوو لە کوشندەترین هێرشەکان لە مێژووی نوێی نایجەردا. بەرپرسانی ناوخۆی نایجەر بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان خستە ئەستۆی ڕێکخراوی داعش لە سەحارا.

لە نەبوونی سوپادا، هەندێک لە گوند و شارۆچکەکان چەکییان هەڵگرتووە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژییەکان.

ئەم هێرشە بەشێکە لە توندوتیژییە بەرفراوانەکان کە لە ساڵی 2007 ەوە لە سەرانسەری ڕۆژئاوای ئەفریقادا بڵاوبۆتەوە.

هەندێک لە کوشندەترین هێرشەکان لە ناوچەکانی سەر سنووری نێوان نایجەر و مالی و بورکینا فاسۆ ڕوویانداوە. هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە ناوچەکەدا کوژراون، ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG