Accessibility links

بەهۆی بورکانێکەوە لە دوورگەیەکی نیوزلەندا 8 کەس بێسەروشوێنن و 5 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە


پۆلیسی نیوزلەندا ڕایگەیاند بەهۆی بورکانە لەناکاوەکەی ڕۆژی دووشەممەی دوورگەی " وایت ئایلاند " ەوە هێشتا 8 کەس بێسەروشوێنن و 5 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی ونبووەکان ڕزگاریان بووبێت.

دوای زانیارییە سەرەتاییەکان سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە سەردانی دوورگەکەیان کردووە لەکاتی بورکانەکەدا، پۆلیس وتی وێنەی دەرەنجامی کارەساتەکە وردە وردە ڕوون دەبێتەوە.

بەرپرسێکی پۆلیس بروس بێرد وتی " 47 کەس چوونەتە ناو دوورگەکەوە، ئێستا دەتوانین گیان لەدەستدانی پێنج کەسیان پشت ڕاست بکەینەوە، هێشتا 8 کەس بێسەروشوێنن، سێ کەسی دیکە لە نەخۆشخانە هاتوونەتە دەرەوە."

لەنێو بێسەروشوێنەکاندا گەشتیارانی ئوستڕاڵیا و ئەمەریکا و بەڕیتانیا و چین و مالیزیایان تێدایە لەگەڵ ڕێنیشاندەرە نیوزلەندییەکان.

سەرۆک وەزیری نیوزلەندا بە ناوی وڵاتەکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند، وتی " بۆ ئەوانەی کە کەسێکی نزیک یاخود هاوڕێیەکیان لەدەستداوە، بەشداری خەمتانین."

بێرد وتی فڕۆکەیەک ڕەوانەی دوورگەکە کراوە و بۆ ماوەی 45 خولەک گەڕاوە بەشوێن ڕزگاربووەکاندا، وتی " باوەڕ ناکەین کەسی دیکە لەو بورکانە ڕزگاری بووبێت."

بێرد وتیشی " ئەمڕۆ لەگەڵ شارەزایاندا کاردەکەین تاوەکو بزانین پارێزراو دەبێت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوورگەکە و لەو بێسەروشوێنەکان بدۆزینەوە یاخود نا. کاتێک دەچین بۆ دوورگەکە کە دڵنیا ببینەوە پارێزراو دەبێت بۆ تیمەکانمان تاوەکو بتوانین بچین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG