کاربەدەسـتانی نیویۆرک ناسنامەی ئەو کەسەیان ئاشکرا کرد کە لە وێستگەی میترۆی پـۆرت ئەثۆرێتی شارەکە بۆمبێکی بە خۆیدا تەقاندەوە و لە ئاکامدا خۆی و 4 کەسی دیکە برینداربوون.
کاربەدەسـتێک بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی ئاشکراکرد، گومانبارەکە ناوی عەقائدوڵڵایە و تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی شاری نیویۆرک. هەروەها دەڵێن بە ڕەچەڵک بەنگلادیشیـیە.
پـۆلیسی نیویۆرک دەڵێت هەوڵێکی تێرۆرستی بووە و عەقائد لە ژێر کاریگەری بیروباوەڕی داعش بووە، بەڵام دەشڵێن هیچ بەڵگەیەک نیـیە گومانی ئەوەی لێبکرد پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە داعشەوە هەبووبێت. هەروەها دەڵێن بۆمبەکە دەسـتکردی خۆماڵی بووە و لە جۆری لولەیی.
لەلای خۆشیانەوە باڵیۆزخانەی بەنگلادیش لە واشنتن سەبارەت بە هێرشەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هەڵوێستی بەنگلادیش ڕوون دەکەنەوە سەبارەت بە هێرشەکە، ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:
" حکومەتی بەنگلادیش پابەندە بەو سیاسەتەی کە هیچ لێبووردەیەکی نەبێت بەرامبەر تیرۆر ، هەروەها سەرکۆنەی تیرۆر و توندوتیژی و هەموو شێوەکانی توندڕەویی دەکات لە هەر شوێنێکی دنیادا بێت بە ڕووداوەکەی بەیانی ڕۆژی دووشەممەی شاری نیویۆرکیشەوە.
" تیرۆریست کەسێکە کە ڕەگەز و دینی خۆی لەبەرچاو نەگرتووە و دەبێت ڕووبەڕووی دادگا ببێتەوە."
جێی ئاماژەیە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە و لە کاتی قەرەباڵغی هاتوچۆ، لە نێو ڕێڕەوێکی وێستگەی میترۆی پـۆرت ئەثۆرێتی و تایم سکوێر شاری نیویۆرک تەقینەوەیەک بوو و دەسـتبەجێ خەڵکی شوێنی تەقینەوەکەیان چۆڵ کرد و هێزەکانی پـۆلیس و فریاگوزاری گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.