Accessibility links

سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک لەسەر گەندەڵی دادگایی دەکرێت


سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرک ئێریک ئادەمس
سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرک ئێریک ئادەمس

سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرک ئێریک ئادەمس ڕۆژی هەینی گەیشتە دادگا تاوەکو ڕووبەڕووی تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و پارە لە هاووڵاتیانی تورکیاییەوە ببێتەوە، لە کاتێکدا کە دیموکراتەکان هێشتا ڕازی نەبوون بە داواکانی ئەندامانی ناو پارتەکە بۆ دەست لەکارکێشانەوەی ئادەمس.

ئادەمسی تەمەن 64 ساڵ بڕیارە بچێتە بەردەم دادوەری ئەمەریکایی کاثرین پارکەر و لەوێ داوای لێدەکرێت دانپێدانانێک بکات.

داواکارانی فیدڕاڵی دەڵێن دیبلۆماتکاران و خاوەن کارە تورکیاییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی پارەیان تەرخانکردووە بۆ کەمپینەکەی ئادەمس و گەشتی گرانبەها و ژووری گرانبەهایان لە هۆتێلەکانی ئیستەنبوڵ و ژەمە خواردنی گرانبەهایان لە ڕێستۆرانتەکان بۆ ئادەمس دابین کردووە.

داواکاران دەڵێن لە بەرامبەر ئەوەدا، ئادەمس لە ساڵی 2021 دا فشاری کردووەتە سەر بەرپرسانی شارەکە تاوەکو ڕێگە بدەن بە کردنەوەی کونسوڵخانە نوێیە 36 نهۆمییەکەی تورکیا، سەرەڕای ئەوەی بینای کونسوڵخانەکە لە ژێر ڕێکارەکانی پارێزراویدا دەرنەچووە.

داواکاران وتییان ئەم پلانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 کاتێک ئادەمس بوو بە سەرۆکی ناوچەی بڕۆکلن. یارمەتییە نایاساییەکان بۆ کەمپینەکەی ئادەمس یارمەتیدەر بوون لەوەدا بتوانێت لە ڕووی داراییەوە پشتیوانی لە کەمپینەکەی ساڵی 2021 بکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک.

ئادەمسی دیموکرات ڕووبەڕووی پێنج تاوان بووەتەوە و ئەگەر وەکو تاوانبار دەربچێت ئەوا ڕووبەڕووی دەیان ساڵ زیندانی دەبێتەوە.

ئادەمس کە پێشتر ئەفسەری پۆلیس بووە و گەیشتووە بە پلەی نەقیب، یەکەمین سەرۆک شارەوانی شارەکەیە لە کۆی 110 سەرۆک شارەوانی کە ڕووبەڕووی تاوانی فیدڕاڵی بووبێتەوە لە کاتێکدا کە لە پۆستەکەیدا بووە.

نیویۆرکی گەورەترین شاری ئەمەریکا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە کێشەیەکی سیاسیی گەورەدا تێپەڕیوە لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی کراوە لە بەرپرسانی باڵای شارەکە.

کۆمسیاری پۆلیسی نیویۆرک لە 12 ی مانگی نۆدا دەستی لە کارکێشایەوە دوای ئەوەی بریکارەکانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ دەستییان بەسەر تەلەفونەکەیدا گرت. چەند ڕۆژێک دوای ئەوە ڕاوێژکاری باڵای ئادەمس دەستی لە کارکێشایەوە.

چەندین بەرپرسی دیاری شارەکە و یاسادانەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا، بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئەلیکساندریا ئۆکاسیۆ کۆرتێزی دیموکراتیشەوە، داوایان کردووە ئادەمس دەست لە کاربکێشێتەوە.

بەڵام دوو یاسادانەرە دەسەڵاتدارەکەی دیموکراتەکان لە بڕۆکلن، سەرکردەی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات چەک شومەر و سەرکردەی کەمینە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هاکیم جێفریس، داوای دەست لە کارکێشانەوەی ئادەمسییان نەکردووە.

بێنێت گیرشمانی پڕۆفیسۆری بەشی یاسای زانکۆی پەیس دەڵێت ڕەنگە ئادەمس لەلایەن فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک کاثی هۆچولی دیموکراتەوە لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک لاببرێت، بەڵام پڕۆسەکە ئاڵۆزە.

بەپێی تۆمەتەکە، ئادەمس لە کاتێکدا کە سەرۆکی ناوچەی بڕۆکلن بووە، گەشتی ئاسمانی خۆڕایی پەسەند کردووە لەلایەن هێڵی ئاسمانی تورکیاوە کە بەهاکەی دەگاتە دەیان هەزاران دۆلار و تەنها 600 دۆلاری داوە بۆ ئەوەی دوو شەو لە ژوورێکی گرانبەهای هۆتێلی سەینت ڕیگیسدا بمێنێتەوە لە ئیستەنبوڵ، نرخەکە لە ڕاستیدا بۆ دوو شەو لە ژوورە گرانبەهاکانی هۆتێلەکەدا 7,000 دۆلارە.

داواکاران دەڵێن تەنانەت کاتێک گونجاویش نەبووە ئادەمس هەر لە ڕێی هێڵی ئاسمانی تورکیاییەوە گەشتی کردووە. لە ساڵی 2017 دا ئادەمس لە نامەیەکدا بۆ هاوبەشەکەی دەڵێت " دەزانیت یەکەم وەستانمان لە ئیستەنبوڵە." ئەمەش دوای ئەوەی هاوبەشەکەی توشی سەرسوڕمان بووە چونکە دەبووایە لە نیویۆرکەوە گەشت بکەن بۆ پاریس، بەڵام لە ڕێی ئیستەنبوڵەوە.

لە کەمپینەکەی ساڵی 2021 دا بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی نیویۆرک، ئادەمس یارمەتییە داراییەکانی سەرچاوە تورکیاییەکانی بۆ کەمپینەکەی شاردووەتەوە و وایکردووە کە وادیار بێت ئەو پارانە لەلایەن هاووڵاتیانی ئەمەریکاییەوە درابێتن بە کەمپینەکەی. یاسای ئەمەریکا قەدەغەی دەکات پارەی دەرەکی وەربگیرێت بۆ کەمپینەکانی هەڵبژاردنە سیاسییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە.

داواکاران وتییان ئادەمس وەڵامی نیگەرانییەکانی تورکیای داوەتەوە، کاری لەسەر داوای دیبلۆماتکارێکی تورکیایی کردووە، ئادەمس فشاری کردووەتە سەر بەرپرسانی پارێزراویی شارەکە تاوەکو ڕێگە بدەن کونسوڵخانە نوێیەکەی تورکیا بکرێتەوە تاوەکو ئامادە بێت بۆ سەردانەکەی مانگی نۆی ساڵی 2021 ی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە بینای کونسوڵخانەکە لە پشکنینی ئاگرکەوتنەوەدا شکستی هێناوە.

دوای ئەوە بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی شارەکە وتوویەتی گوایە کارەکەی لە دەست دەدات ئەگەر ڕێگە بە کردنەوەی کۆنسوڵخانەکە نەدات.

لە تۆمەتەکەدا هاتووە دەڵێت ئادەمس دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە کردنەوەی بیناکەی پەسەند کردووە دەستبەجێ دیبلۆماتکارە تورکیاییەکەی ئاگادار کردووەتەوە.

گوایە دیبلۆماتکارەکە لە وەڵامدا وتوویەتی " تۆ هاوڕێی ڕاستەقینەی تورکیایت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG