ڕۆژی دووشەممە نیوزلەندا ڕایگەیاند فڕۆکەی هێرکیلیسی سی – 130 و تیمێکی 58 کەسیی ڕەوانەی ئەوروپا دەکات، ئەوەش بەمەبەستی پشتیوانیکردنی زیاتر لە ئۆکرانیا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.
وەزیری بەرگری نیوزلەندا پێنی هێنرەی لە بەیاننامەیەکدا وتی تیمەکە بە سەرانسەری ئەوروپادا گەشت دەکەن و کەلوپەل و پێداویستی دەگوازنەوە بۆ ناوەندەکانی دابەشکردن، بەڵام ناچنە ناو ئۆکرانیاوە.
حکومەتی نیوزلەندا ئەوەشی ڕاگەیاند 9 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ پشتیوانی سەربازیی و یاسایی و مافەکانی مرۆڤ دەبەخشێت.
سەرۆک وەزیری نیوزلەندا جاسیندا ئاردێرن وتی پشتیوانییەکەی نیوزلەندا لەپێناو یارمەتیدانی ئۆکرانیادایە بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا، چونکە ئاشتی لە ناوچەی ئەوروپا زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری جیهان.
ئاردێرن وتی " ئەم جۆرە هێرشە بێمانایە بۆ سەر سەروەری وڵاتێک هەڕەشەیە بۆ سەر هەموومان و لەبەر ئەوەیە دەبێت ئێمەش ڕۆڵمان هەبێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا