Accessibility links

دادگای باڵای ئیسڕائیل تاوتوێی چارەنووسی ناتانیاهو دەکات وەکو سەرۆک وەزیری وڵاتەکە


دادگای باڵای ئیسڕائیل دەستیکرد بە دانیشتنەکانی کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت بەمەبەستی دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بنیامین ناتانیاهو کراون ڕێگەی لێدەگرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ یاخود نا.

واپێدەچێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر فەرمانی دادگا دژ بە ناتانیاهۆ بێت ئەوا دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وڵاتەکەدا بەڕێوەبچیت کە لە مانگی چواری ساڵی 2019 ەوە تا ئێستا چوارەمین هەڵبژاردن دەبێت لەو وڵاتەدا، ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسڕائیل ڕووبەڕووی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە بۆتەوە بۆ سەر ئابووری وڵاتەکەدا.

ناتانیاهو و ڕکابەرە سیاسییەکەی بێنی گانتز مانگی ڕابردوو ڕێکەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو کە تیایدا بتوانن دەسەڵات دابەش بکەن.

بەپێی ڕێکەوتنەکە ناتانیاهو بۆ ماوەی 18 مانگ ڕابەرایەتی حکومەتە نوێیەکە دەکات و دواتر دەسەڵات ڕادەستی بێنی گانتز دەکات.

ڕێکەوتنەکە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانەوە پەسەند کرا، بەڵام هەندێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و چاودێرانی پڕۆسەی دیموکراسی داوایان لە دادگای باڵای ئیسڕائیل کردووە ڕێکەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە و ڕێگە لە ناتانیاهو بگرن چیتر سەرۆکایەتی حکومەت نەکات، ئەمەش بە پاڵپشتی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ناتانیاهو کراون.

جێی ئاماژەیە ناتانیاهو تۆمەتی بەرتیلدان و ناپاکیکردن لە ئەمانەت و فێڵکردنی ئاڕاستە کراوە و وابڕیارە لە 24 ی مانگی پێنجدا دادگاییکردنەکەی دەست پێبکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG