Accessibility links

ناتانیاهو دوو هەفتەی دیکە وەردەگرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسڕائیل


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو

سەرۆکی ئیسڕائیل ڕایگەیاند دوو هەفتەی دیکەی داوە بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسڕائیل.

جێی ئاماژەیە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل کە ماوەی 10 ساڵە فەرمانڕەوایی ئیسڕائیل دەکات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئیسڕائیلدا سەرکەوت کە لە نۆی مانگی چواردا بەڕێوەچوو.

ناتانیاهو لەگەڵ حیزبە جیاوازەکانی ئیسڕائیلدا لە وتوێژدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسڕائیل.

کەرتی غەزە یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە وتوێژەکانی پێکهێنانی حکومەتدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

وەزیری بەرگری پێشووی ئیسڕائیل ئافیگدۆر لیبەرمان کە سەرۆکایەتی حیزبێکی ئیسڕائیل دەکات وتی گفتوگۆکان لەگەڵ ناتانیاهودا بەردەوام دەبن بەڵام ستراتیژییەتی وڵاتەکە بەرامبەر غەزە هێشتا خاڵی ناکۆکی نێوان حیزبەکانە.

لیبەرمان ناتانیاهو بەوە تۆمەتبار دەکات کە پەیماننامە لەگەڵ حەماسدا دەبەستێت لەڕێی ئەوەوە کە ڕێگە دەدات یارمەتییە داراییەکان لە قەتەڕەوە بگەنە غەزە. لە لێدوانەکانیدا وتی ناکۆکییەکان سەبارەت بە غەزە زۆر قوڵن.

لیبەرمان کە حیزبەکەی پێنج کورسی هەیە لە کنیست وتی دەیەوێت دووبارە وەکو وەزیری بەرگری دەستنیشان بکرێتەوە.

بەپێی یاسای ئیسڕائیل، ناتانیاهو 28 ڕۆژی درایە بۆ پێکهێنانی حکومەت. ڕۆژی چوارشەممە ئەو ماوەیە تەواو دەبێت و ئەم دوو هەفتەیەش کە پێی دراوە شتێکی ئاساییە و زۆرجار دەکرێت.

سەرۆکی ئیسڕائیل ڕۆڤین ڕیڤلین وتی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ ناتانیاهودا کۆبۆتەوە و ناتانیاهو پێی وتووە کە " پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ پێکهێنانی حکومەت. داواکەیم قبوڵ کرد و چواردە ڕۆژی دیکەم دایە." بەمەش 29 ی مانگی پێنج کۆتا ڕۆژ دەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەتەکە.

ئەگەر ناتانیاهو تا ئەو کاتە نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، ئەوا سەرۆکی ئیسڕائیل مافی ئەوەی هەیە داوا لە ئەندامێکی دیکەی کنیست بکات تاوەکو حکومەتە نوێیەکە پێکبهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG