Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بە تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتبار دەکرێت


دادوەری گشتی ئیسڕائیل ئافیگای ماندلبلیت لە بەیاننامەیەکدا سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهوی بە تۆمەتەکانی بەرتیل وەرگرتن و ناپاکیکردن لە ئەمانەت و ساختەکردن تۆمەتبار کرد.

وەزارەتی دادی ئیسڕائیل لیستێکی تۆمەتەکانی بڵاوکردەوە و تیایدا ناتانیاهو لە سێ دۆسیەدا بە تۆمەتی ناپاکیکردن لە ئەمانەت و ساختەکردن تۆمەتبار کراوە، لەلایەکی دیکەشەوە لە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکاندا بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن تۆمەتبار کراوە.

دوای تۆمەتبارکردنی ناتانیاهو، یاسا ناچاری ناکات دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە، هەروەها ئەگەر لە حاڵەتێکدا هەڵبژاردنێکی نوێ بەڕێوەبچێت ئەوا پێدەچێت دادگاییکردنەکەی بۆ چەند مانگێک دوابخرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا لە یەکێک لە ڕۆژە هەرە سەیرەکاندا لە مێژووی سیاسی ئیسڕائیل، سەرۆکی وڵاتەکە داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد کەسێک هەڵبژێرن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەمەش دوای ئەوەی ناتانیاهو و ڕکابەرە سەرەکییەکەی بێنی گانتز شکستیان هێنا لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەرفراواندا، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل لەمساڵدا بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردن ئەنجام بداتەوە.

جێی ئاماژەیە گومانی ئەوە هەیە ناتانیاهو دیاری وەربگرێت کە بڕی دیارییەکان دەگاتە 264 هەزار دۆلار، دیارییەکانیش بریتین لە سیگار و شەمپانیا، ئەم دیارییانەشی لە کەسانی بەدەسەڵات و دەوڵەمەند وەرگرتووە لەپێناو ئەوەدا کە لە ڕووماڵی هەواڵەکاندا بەباشی باسی لێوە بکرێت.

لەلای خۆیەوە ناتانیاهو ئەم تۆمەتانەی بە " هەوڵی کودەتا " ناودێر کرد. هەروەها وتیشی دەست لەکارەکەی ناکێشێتەوە و یاساش ناچاری ناکات.

هەروەها وتی " لێکۆڵەرەوەکان بەشوێن ڕاستیەوە نەبوون، بەڵکو بە شوێن منەوە بوون. پێویستە وڵاتەکە لێکۆڵینەوە لە لێکۆڵەرەوان بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG