سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی ئەگەرێکی زۆر هەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕووسیا هێرشێکی نوێ بکاتە سەر هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، وتیشی هاوپەیمانان کاتییان هەیە بۆ یارمەتیدانی سوپای ئۆکرانیا.
ستۆڵتنبێرگ وتی ڕووسیا پلانی هێرشێکی " زۆر وردی " داناوە. لێدوانەکانی ستۆڵتنبێرگیش ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا دێت کە تیایدا تاوتوێی پشتیوانییە دارایی و سەربازیی و مرۆییەکان دەکەن بۆ ئۆکرانیا.
ستۆڵتنبێرگ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " جموجۆڵێکی زۆری هێزەکانی ڕووسیا دەبینین کە لە کیێڤ دەکشێنەوە و خۆیان ڕێکدەخەنەوە، خۆیان پڕچەک دەکەنەوە و سەنگ دەخەنەوە سەر ڕۆژهەڵات."
وتیشی " لە هەفتەکانی داهاتوودا پێشبینی دەکەین ڕووسیا زیاتر بەرەو ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا بجوڵێت، ئەوەش لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری هەرێمی دۆنباسدا تاوەکو پردێکی وشکانی دروست بکات لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشووردا لەگەڵ نیمچە دورگەی کرایمییە."
لە مانگی سێدا ڕووسیا ڕایگەیاند " سەنگ دەخاتەوە سەر ئازادکردنی سەرانسەری دۆنباس." هەرێمی دۆنباس ناوچەیەکی پیشەسازییە و لە ساڵی 2014 ەوە بەشێکی لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندایە کە ڕووسیا پشتیوانیان لێدەکات.
ستۆڵتنبێرگ وتیشی ئەمە قۆناغێکی نوێ و هەستیاری داگیرکارییەکەی ڕووسیا دەبێت، کە کرێملن بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودێری دەکات.
وتی " گۆڕینی شوێنی هێزەکان هەندێک کاتی دەوێت، چەند هەفتەیەکی دەوێت."
وتیشی " لەو ماوەیەدا زۆر گرنگە هاوپەیمانێتی ناتۆ پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا دابین بکات."
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەشی بەوەدا وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانێتیەکە لە ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەدا کۆدەبنەوە و تاوتوێی ڕەوانەکردنی چەکی دژە تانک و تەقەمەنی و پێداویستی تەندروستی زیاتر دەکەن بۆ ئۆکرانیا.
پێشبینی دەکرێت وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا ئامادەی بەشێکی کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکەی هاوپەیمانێتییەکە ببێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ناتۆ دەڵێت ڕووسیا خۆی ڕێکدەخاتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی دۆنباسی ئۆکرانیا