Accessibility links

ناتۆ دەڵێت ڕەنگە مۆسکۆ لە چوارچێوەی جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا کێبڵەکانی ژێر دەریا تێکبدات

سەرۆکی هەواڵگری هاوپەیمانێتی ناتۆ هۆشداریدا و وتی ڕووسیا ڕەنگە کێبڵەکانی ژێر دەریا تێکبدات بۆ سزادانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش لە کاتێکدایە هاوپەیمانێتییەکە دوابەدوای هێرشەکەی سەر نۆرد ستریم هەوڵەکانی زیاد کردووە بۆ پاراستنی ژێرخانەکانی لە ژێر دەریادا.

یاریدەدەری سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ هەواڵگری و ئاسایشی هاوپەیمانێتییەکە دەیڤد کاتڵەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " نیگەرانییەکی زۆر هەن لەسەر ئەوەی ڕەنگە ڕووسیا کێبڵەکانی ژێر دەریا و ژێرخانە هەستیارەکانی دیکە بکاتە ئامانج بۆ تێکدانی ژیانی ڕۆژئاوا، هەروەها بۆ دەستکەوتنی کاریگەریی لە دژی ئەو وڵاتانەی کە ئاسایش بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن."

وتی " ڕووسییەکان لەم بابەتەدا چالاکترن لەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بینیومانن." وتیشی ناتۆ ئەرکە ئێشکگرییەکانی لە سەرانسەری دەریای ئەتڵەسیدا لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر کردووە و چالاکییەکانیان لە دەریاکانی باکوور و باڵتیکدا چڕتر کردۆتەوە.

لە مانگی نۆی ساڵی 2022 ەوە مەترسییەکانی سەر کێبڵەکانی ژێر دەریا و بۆرییەکان بوونەتە جێی سەرنجی گشتی، دوای ئەوەی تەقینەوەیەکی نادیار هێڵەکانی بۆری نۆرد ستریم 1 و نۆرد ستریم 2 ی لە کارخست، کە بۆ مەبەستی گواستنەوەی گاز لە ڕێی دەریای باڵتیکەوە لە ڕووسیاوە بۆ ئەڵمانیا دروست کراون.

سەبارەت بەوەش کاتڵەر ڕەتی کردەوە ئاماژە بەوە بدات کێ لە پشت کاری تێکدانی نۆرد ستریمەوە بووە و وتی هێشتا لێکۆڵینەوە دەکرێت.

بەگوێرەی ناتۆ، کێبڵەکانی دیکەی ژێر دەریا نزیکەی لە سەدا 95 ی ئینتەرنێتی سەرانسەری جیهان دەگوازنەوە، ئەوەش بە خێرایی نزیکەی 200 تێرابایت لە چرکەیەکدا، 200 کێبڵ لەم 400 کێبڵە بە هەستیار ناوبراون.

کاتڵەر وتی " هەموویان پێکەوە، ڕۆژانە نزیکەی 10 تریلیۆن دۆلاری ئەمەریکی بەهای حەواڵە ئابوورییەکان هەڵدەگرن، لەبەر ئەوە ئەم کێبڵانە بە ڕاستی بزماری گەورەی ئابوورین."

هەروەها هۆشداریدا لەسەر ئەوەی نەیارانی ناتۆ درکییان بەو سوودە ستراتیژییە گەورەیە کردووە کە بتوانن هەڕەشە لەسەر ئاسایشی سیستمەکانی ئینتەرنێت و وزە و دارایی ڕۆژئاوا دروست بکەن.

وتیشی " ڕووسیا چالاکانە خشتەی ژێرخانە هەستیارەکانی هاوپەیمانان لەسەر وشکانی و دەریاشدا دەکێشێت." وتیشی ئەو پڕۆسەیە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی دیدەوانی ژێر دەریادا دێت کە بەشێکی لەلایەن وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بەڕێوەدەبرێت.

هاوکات ئاماژەی بەوەدا هاوپەیمانانی ناتۆ لە نزیکەوە چاودێری کەشتییە ڕووسییەکان دەکەن، هەستەوەرییان پێیە کە دەتوانێت زانیاری ئەلیکترۆنی یاخود دەنگی لە ژێر دەریاوە کۆبکاتەوە. وتیشی کەشتییە سیخوڕییەکان لە ڕێی ئاریەڵەکانییانەوە یاخود چالاکییە نائاساییەکانییانەوە لە نزیک شوێنە هەستیارەکان دەناسرێنەوە.

دوای تەقینەوەکانی نۆرد ستریم، ناتۆ بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی کەشتییە ئێشکگرەکانی لە دەریای باکوور و دەریای باڵتیکدا زیاد کردووە، هەروەها شانەیەکی پاراستنی ژێرخانە هەستیارەکانی ژێر دەریای دامەزراندووە بۆ باشکردنی هاریکارییەکان لەگەڵ پیشەسازی و پایتەختەکان و شارەزایاندا.

جەنەڕاڵی ئەڵمانی هانس وێرنەر ویرمان کە لە مانگی دووەوە سەرکردایەتی شانە نوێیەکە دەکات، وتی " هەڕەشەکە ڕاستەقینەیە، ناتۆش کارەکانی زیاتر کردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG