Accessibility links

سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕوسیادا لە نزمترین ئاستدایە

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لەمیانەی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا وتی پەیوەندییەکانی نێوان ناتۆ و ڕوسیا لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە تاوەکو ئێستا لە نزمترین ئاستدایە.

لەم هەفتانەی دواییدا گرژییەکانی نێوان ناتۆ و ڕوسیا زیادیکرد، لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا هاوپەیمانێتی ناتۆ هەشت ئەندامی ئەرکە دیبلۆماتیەکەی ڕوسیای لە هاوپەیمانێتیەکە دەرکرد، ڕوسیاش ڕۆژی دووشەممە وەکو وەڵامێک بۆ ئەو بڕیارەی ناتۆ ڕایگەیاند ئەرکە دیبلۆماتیە هەمیشەییەکەی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕادەگرێت.

هاوپەیمانێتیەکە دەڵێت ئەو ئەندامانەی ئەرکەکەی ڕوسیا لە هاوپەیمانێتیەکە وەکو سیخوڕ کارییان کردووە، مۆسکۆش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت بەداخەوەیە بۆ بڕیارەکەی ڕوسیا بۆ داخستنی ئۆفیسی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە مۆسکۆ. وتی هێشتا کەناڵی پەیوەندییان لەگەڵ ڕوسیادا هەیە، بەڵام ئەمە بارودۆخەکە قورستر دەکات.

بەڵام ئاماژەی بەوەدا ئەم بارودۆخە قورسە وادەکات بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا گرنگتر ببێت. وتی ناتۆ بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی بونیادنەر لەگەڵ ڕوسیادا.

ستۆڵتنبێرگ وتی ناتۆ لە قۆناغی گۆڕانکاریدایە و ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە سەنگیان خستۆتەسەر پەرەپێدان بە بەرگرییەکی هاوبەش لەنێوانیاندا، ئەوەش لەپێناو " پاراستنی ناوچەکەمان."

وابڕیارە وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتیەکە لەسەر پلانێکی گەورە ڕێکبکەون بۆ بەرگریکردن دژی ئەگەری هێرشی ڕوسیا لە کۆمەڵێک بەرەی جیاوازەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG