Accessibility links

ناتۆ بەڵێنی یارمەتیدانی زیاتری ئۆکرانیا دەدات


ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەڵێنیاندا بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە شەڕیاندا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا، هاوکات ئاسایشی هاوپەیمانێتیەکە لەگەڵ " واقعێکی نوێدا " دەگونجێنن کە بەهۆی جەنگەوە دروست بووە.

دیبلۆماتکاران و شیکەرەوە سیاسییەکان بە خەمڵاندنی خۆیان دەڵێن لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە هاوپەیمانێتی ناتۆ زیاتر لە 20,000 دژە تانک و چەکی دیکەی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لەمیانەی کۆبوونەوە بەپەلەکەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە بڕۆکسل وتی " " پشتیوانی لە توانای بەرگریکردن لە خۆیان دەکەین و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان."

وەزیری بەرگری هۆڵەندا کیسا ئۆڵۆنگرین بە ڕۆژنامەنووسانی وت وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەردەوام دەبن لە گەیاندنی چەک بۆ ئۆکرانیا، تەنانەت ئەگەر کاروانی چەکەکانیشیان ببێتە ئامانجی هێرشەکانی ڕووسیا، وتیشی " ئۆکرانیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات."

ئۆکرانیا ئەندام نیە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک داوای کردووە ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکە و سوود لە پاراستنەکەی وەربگرێت، ڕۆژی سێشەممە کیێڤ وتی تێدەگات لەوەی دەرگای بوونە ئەندام لە ناتۆدا بەڕووی ئۆکرانیا داخراوە بەڵام هەوڵ دەدات گرەنتی ئاسایشی دیکەی بدرێتێ.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی وەزیرانی بەرگری ناتۆ ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی بە فەرماندە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتیەکە بڵێن پلانی دیکە دابڕێژن بۆ بەربەست دانان لەبەردەم ڕووسیادا.

وتیشی ئەو پلانانە ئەگەرێکی زۆری هەیە لە کۆبوونەوەکەی مانگی شەشی ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە مەدرید پەسەند بکرێن، هەروەها ڕۆژی پێنجشەممەش ڕابەرانی وڵاتانی ناتۆ کاتێک لە بڕۆکسل کۆدەبنەوە، بە کورتی تاوتوێی بابەتەکە دەکەن.

ستۆڵتنبێرگ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " دەبێت دەستکاری بەرگری هاوبەش و بەربەست دانانەکانماندا بکەین بەشێوەیەک کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بێت. ئەمڕۆ فەرمانمان بە فەرماندە سەربازییەکانمان کرد پلانی نوێ دابڕێژن بۆ وشکانی و ئاو و دەریا و ئاسایشی ئەلیکترۆنی و بۆشایی ئاسمانیش."

وتیشی هەر شێوازێکی نوێی ناتۆ، ڕەوانەکردنی هێزی زیاتری تێدا دەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، موشەک و بەرگری ئاسمانی زیاتری تێدا دەبێت، کەشتی فڕۆکە هەڵگر و ژێرئاوگەڕی زیاتری لە دەریا تێدا دەبێت، هەروەها ئەگەری بەکارهێنانی چەکی بەرگری لەسەر تۆڕەکانی کۆمپیوتەر و بۆشای ئاسماندا.

بەڵام دیبلۆماتکاران وتیان ناتۆ دەیەوێت خۆی بەدووربگرێت لەوەی ڕاستەوخۆ پلانەکانی ئاشکرا بکات.

وەزیری بەرگری ئیستۆنیا کاڵێ لانێت وتی " ئەوەی پوتنی توشی سەرسوڕمان کرد یەکگرتوویی ڕۆژئاوا بوو. باوەڕی بەوە نەبوو. وێنەیەکی هەڵەی دروستکردووە سەبارەت بە وڵاتانی ڕۆژئاوا."

وتی " ناکرێت بترسین، دەبێت بە هێمنی بمێنینەوە، چونکە پوتن دەیەوێت ببینێت هەمووان دەترسن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG