بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکە و بەرپرسێکی ئەمەریکاییەوە پێشبینی دەکرێت داوا لە یانس ستۆڵتنبێرگ بکرێت بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە وەکو سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ بمێنێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە هاوپەیمانێتییەکە کۆشش دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر جێگرەوەیەک بۆ ستۆڵتنبێرگ پێش کۆبوونەوەکەی ناتۆ لە مانگی حەوتدا.
پێشتر سێ جار ماوەکەی ستۆڵتنبێرگ وەکو سکرتێری گشتی ناتۆ درێژکراوەتەوە، دوای نۆ ساڵ کارکردنی وەکو سکرتێری گشتی ناتۆ، بڕیارە لە مانگی نۆی ئەم ساڵدا واز لە پۆستەکەی بهێنێت.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ستۆڵتنبێرگ لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ناتۆوە پشتگیرییەکی بەرچاوی لێدەکرێت و بەردەوامە لە کارەکەی وەکو سەرکردەیەکی کاریگەر.
بەرپرسێکی ئەمەریکایی کە بە هەمان شێوەی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن خەریکە ڕازی دەبێت بە بیرۆکەی ئەوەی ستۆڵتنبێرگ بۆ ساڵێکی دیکە بمێنێتەوە."
وتی " وادیار نیە لە ئێستادا ڕێککەوتنێک هەبێت لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا بۆ دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە."
لە مانگی دوودا ستۆڵتنبێرگ وتی هەوڵی درێژکردنەوەی زیاتری خولەکەی نادات. بەڵام ڕەتی کردۆتەوە ئاماژە بەوە بدات کە ئایا وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ داوایان لێکردووە بمێنێتەوە یاخود نا.
ڕۆژی هەینیش لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە هەمان شێوە ڕەتی کردەوە ئاماژە بەو بابەتە بدات و وتی " چەندین جار وتوومە هەوڵی درێژکردنەوە نادەم و هیچ پلانێکی دیکەم نیە جگە لە کۆتایی هێنان بە کارەکەم، لەم پایزەشدا ماوەکەم کۆتایی دێت."
هاوکات وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئارەزووی ئەو کارە دەکات. بەڵام لە کاتێکدا کە هەندێک لە وڵاتانی ناتۆ هەوڵی ئەوە دەدەن بۆ یەکەمین جار ژنێک ببێتە سکرتێری گشتی ناتۆ، سەرۆک وەزیری دانیمارک میتی فرێدریکسنیش بووەتە کاندیدێکی بەهێز.
بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە فریدریکسن پشتگیری لە بیرۆکەی مانەوەی ستۆڵتنبێرگ کرد، وتی " ئەوە چارەسەرێکی زۆر باشە."
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا فریدریکسن لە واشنتن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆبووەوە، لە ماوەی ڕابردووشدا ستۆڵتنبێرگ سەردانی کۆشکی سپی کرد و لەگەڵ بایدندا کۆبووەوە.
بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن کۆمەڵێک کاندیدی جیاواز هەن و سەرۆک بایدنیش هەموویانی بە دڵە، بە سەرۆک وەزیری دانیمارک فریدریکسنیشەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز