Accessibility links

سکرتێری گشتی ناتۆ هەوڵی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی نادات


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

وتەبێژێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتییەکە یانس ستۆڵتنبێرگ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە مانگی 10 تەواو دەبێت، وەکو چۆن پلانی بۆ داندراوە. ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژنامەیەک بڵاویکردەوە هەوڵی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دەدرێت.

وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئۆوانا لونگیسکو وتی " ئەرکەکەی سکرتێری گشتی یانس ستۆڵتنبێرگ سێ جار درێژکراوەتەوە، بۆ ماوەی نزیکەی 9 ساڵ خزمەتی کردووە."

لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامەی وێڵت ئەم سۆنتاگی ئەڵمانی بڵاویکردەوە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ستۆڵتنبێرگ جارێکی دیکەش درێژ دەکرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانێتییەکە دەیەوێت جێگیریی ناو ناتۆ لە ماوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا بپارێزێت.

ستۆڵتنبێرگ لە ساڵی 2000 بۆ 2001 و دواتریش لە ساڵی 2005 ەوە بۆ ساڵی 2013 وەکو سەرۆک وەزیری نەرویج کاری کردووە، ساڵێک دوای ئەوە وەکو سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەستنیشانکرا. وەکو وەزیری دارایی و وەزیری وزەش کاری کردووە.

ڕۆژنامەکە وتی ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە ویستوویانە دەرفەتێک بدەن بە ستۆڵتنبێرگ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی ساڵیادی هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات کە بڕیارە لە مانگی چواری ساڵی 2024 دا لە واشنتن بەڕێوە بچێت. وتیشی ڕەنگە دواتر ببێتە سەرۆکی بانکی جیهان دوای ئەوەی لە هەمان کاتدا دەیڤ مالپاس کاتەکەی وەکو سەرۆکی بانکی جیهان تەواو دەبێت.

ڕۆژنامەی وێڵت ئەم سۆنتاگ وتی تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە سەبارەت بەوەی کێ شوێنی ستۆڵتنبێرگ دەگرێتەوە، بەڵام سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز و وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس لە نێو ئەو کەسانەدان کە کاندید کراون بۆ پۆستەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG