Accessibility links

سکرتێری گشتی ناتۆ: تورکیا ' نیگەرانی ڕەوای ' هەیە سەبارەت بە تیرۆر


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت تورکیا " نیگەرانی ڕەوای " هەیە سەبارەت بە تیرۆر و بابەتەکانی دیکە و دەبێت بەجددی وەربگیرێن.

سوید و فینلەندا هەوڵ ئەندامێتی دەدەن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام تورکیا دژایەتی ئەوە دەکات و بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە هێزە کوردەکانی سوریا تاوانباری کردوون و دەڵێت پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئەو دوو وڵاتە ناکات بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆدا وتی " هیچ وڵاتێکی دیکەی ناتۆ هێندەی تورکیا ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی نەبۆتەوە "، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ستراتیژی جوگرافیای تورکیادا.

سوید و فینلەندا چەند دەیەیەکە نەچوونەتە پاڵ هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازییەوە، بەڵام داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ناچاریکردن داوای ئەندامێتی بکەن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سوید و فینلەندای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لەو هێزە کوردییانەی کە لەلایەن تورکیاوە بە ' تیرۆریست ' ناوبراون.

جێی ئاماژەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە تورکیا دژایەتی دەکات یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا و ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە شەڕی دژ بە گروپە تیرۆریستییەکەدا.

لە ساڵی 2019 ەوە کاتێک تورکیا هێرشی سەربازیی کردەسەر سوریا بۆ لەناوبردنی ئەو گروپە چەکدارییانەی کە بە تیرۆریستیان دەزانێت، سوید و فینلەندا هەناردەکردنی چەکییان بۆ تورکیا قەدەغە کرد و تاوەکو ئێستاش بەوشێوەیە ماوەتەوە.

تورکیا داوای لەو دوو وڵاتە کردووە کۆتایی بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بهێنێن بۆ تورکیا، هەروەها داوای لێکردوون ئەو کەسانەیان ڕادەست بکاتەوە کە پشتیوانی لە هێزە کوردییەکانی سوریا دەکەن و دژایەتی حکومەتەکەی ئەردۆغان دەکەن.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا یانس ستۆڵتنبێرگ هەوڵیداوە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە چارەسەر بکات، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە ئاماژەی بە هیچ بەرەوپێشچوونێک نەکرد لە هەوڵەکانیدا.

XS
SM
MD
LG