Accessibility links

ناتۆ دەڵێت ڕەنگە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا چەند ساڵێک بخایەنێت


سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ
سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا ڕەنگە چەند ساڵێک بخایەنێت، هاوکات ڕووسیا هێرشەکانی لە ئۆکرانیا زیاتر کرد دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لە داواکەی کیێڤ کرد بۆ چوونە پاڵ یەکێتییەکە.

ڕۆژنامەی بیڵد ئام زۆنتاگی ئەڵمانی بڵاویکردەوە سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت پێدانی چەکی پێشکەوتوو بە ئۆکرانیا دەرفەتی ئازادکردنی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە دەستی هێزەکانی ڕووسیا زیاتر دەکات.

ڕۆژنامەکە لە زاری ستۆڵتنبێرگەوە بڵاویکردەوە " دەبێت ئامادە بین بۆ ئەو ڕاستییەی کە ڕەنگە جەنگەکە چەند ساڵێک بخایەنێت. دەبێت دەستبەرداری پشتیوانیکردن نەبین لە ئۆکرانیا."

گوتیشی " تەنانەت ئەگەر نرخەکەشی زۆر بێت، نەک تەنها لەبەر پشتیوانی سەربازیی، بەڵکو لەبەر بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و سوتەمەنیش."

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن کە ڕۆژی هەینی سەردانی کیێڤی کرد، باسی لە پێویستی خۆ ئامادەکردن کرد بۆ جەنگێکی درێژخایەن.

جۆنسن گوتی دەبێت " دڵنیا ببینەوە لەوەی ئۆکرانیا زۆر خێراتر لە داگیرکەرەکە چەک و کەلوپەلی سەربازیی و تەقەمەنی و مەشق وەربگرێت."

گوتی " کات گرنگە، هەمووشتەکان پەیوەستن بەوەوە کە ئایا ئۆکرانیا دەتوانێت تواناکانی پتەو بکات بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی، بەشێوەیەک کە خێراتر بێت لە ڕووسیا لە نوێکردنەوەی تواناکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا یاخود نا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG