Accessibility links

ناتۆ: ڕابەرانی ئەفغانستان بەرپرسن لە ڕووخانی سوپای وڵاتەکە


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ ڕابەرانی ئەفغانستانی بە بەرپرس دانا لە ڕووخانی خێرای سوپای ئەفغانستان، بەڵام دانیشی بەوەدانا کە دەبێت تاوتوێی کەموکورتی پڕۆگرامەکانی مەشقی هاوپەیمانێتیەکە بکرێت.

لە ساڵی 2003 ەوە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕابەرایەتی هەوڵە ئاسایشیە نێودەوڵەتیەکان دەکات لە ئەفغانستان، لە ساڵی 2014 ەوە ئەرکە سەربازییەکانی ڕاگرت و سەنگی خستەسەر پێدانی مەشق بە هێزی ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان. ناتۆ یارمەتیدەر بووە لە بونیادنانی سوپایەکی 300,000 سەربازیی لە ئەفغانستان، بەڵام ئەو هێزە لەبەردەم هێرشەکانی تاڵیباندا نەیتوانی خۆی ڕابگرێت.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامدا لە هاوپەیمانێتیەکە، ستۆڵتنبێرگ وتی " ئەوەی لەم هەفتانەی دواییدا بینیمان هەرەسهێنانێکی سەربازیی و سیاسیی بوو، بە خێراییەک کە پێشبینی نەکراو بوو."

وتی بەشێک لە سوپای ئەفغانستان " ئازایانە شەڕیانکرد، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکردایەتی سیاسی ئەفغانستان شکستی هێنا لە بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان و دەستەبەرکردنی چارەسەرێکی ئاشتیانە کە ئەفغانیەکان بە پەرۆشەوە دەیانویست."

وتیشی " ئەم شکستەی سەرکردایەتی ئەفغانستان بووە هۆی ڕوودانی ئەو کارەساتەی ئەمڕۆ دەیبینین."

ساڵێک لەمەوبەر ئەرکی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ پێدانی مەشق بە هێزەکانی ئەفغانستان نزیکەی 10,000 سەربازی لە 36 وڵاتی ئەندام و هاوپەیمانەوە لەخۆدەگرت، ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسێکی ناتۆ وتی " لە ئێستادا هیچ هێزێکمان لەژێر سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە ئەفغانستان نەماوە."

لە ئێستادا هاوپەیمانێتی ناتۆ مەشق بە هێزە سەربازییەکانی هەریەک لە عێراق و ئوردن و تونس دەکات و یارمەتیدەرە لە بونیادنانی دامەزراوە نیشتیمانیە ئاسایشیەکاندا، هەروەها پلانێکی هاوشێوەشی لە جۆرجیا و ماڵدۆڤا هەیە.

ستۆڵتنبێرگ وتی " دەبێت بەردەوام بین لە شەڕمان دژی تیرۆر." هەروەها جەختی لەوە کردەوە هەوڵەکانی ناتۆ یارمەتیدەر بوون لە لاوازکردنی تۆڕی قاعیدە. وتیشی ئەگەر هاوپەیمانێتی ناتۆ بتوانێت سەرکەوتووانە مەشق بە هێزە ناوخۆییەکان بکات ئەوا دەتوانێت خۆی لە ئەرکە سەربازییەکان بەدووربگرێت.

لە کۆتاییدا وتی " ئەو پرسیارە گرنگەی کە دەمانەوێت بەشێوەیەکی ڕوون و ڕاستگۆیانە بیپرسین ئەمەیە: بۆچی ئەو هێزانەی کە مەشقمان پێکردوون و کەلوپەلی سەربازیمان پێداون و چەند ساڵێکی زۆر یارمەتیماندان، بۆچی نەیانتوانی بەهێزتر و باشتر بەڕووی تاڵیباندا بوەستنەوە؟"

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG