Accessibility links

ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی: برسێتی لە ئەمساڵدا دوو هێندە زیادەکات


ڕێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان WFP دەڵێت ژمارەی ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی کەمی خۆراک دەبنەوە لە ئەمساڵدا بۆ دوو هێندە زیاد دەکات، بەمەش نزیک دەبێتەوە لە 265 ملیۆن کەس بەهۆی ئەو لێکەوتە ئابوریانەی لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید 19دا ڕووبەرووی ئابوری جیهان بۆتەوە.

ڕێکخراوەکە ڕۆژی سێشەممە گوتی بەهۆی کاریگەری نەمانی داهاتی گەشتوگوزاری و پەککەوتنی پێدانی خەرجی و هەموو ئەو فاکتەرانەی دیکە کە پەیوەندیان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەیە، وا چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ 130 ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسیەتی و نەبوونی ببنەوە، گوتیشی نزیکەی 135 ملیۆن کەس لە ئێستادا لە برسێتیدا دەژین.

عارف حوسێن ئابوری ناسی باڵا و بەڕێوەبەری توێژینەوە و چاودێری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە جنێڤ بە پەیامنێرانی گوت " پەتای کۆڤید 19 بە شێوەیەکی گشتی کۆسپ و تەگەرە و کارەساتی بۆ ملیۆنان کەس خوڵقاندووە کە لە ئێستادا لە ژێر مەترسی برسێتیدان.

گوتیشی پـێویستە هەموومان بەیەکەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بکەین ئەگەر کار بۆ ئەوە نەکەین باجێکی گەورە دەدەین، جیهانیش باجێکی گەورە دەدات، زۆربەیان گیان لەدەست دەدەن.

حوسێن گوتیشی ئەوەی گرنگە پێویستە بە زووترین کات کار لەسەر ئەوە بکرێت بۆ نەهێشتنی گرفتی ئەو کەسانەی لەسەر کاری ڕۆژانەیان دەژین، لەوانە فرۆشیارانی خۆراک لە کینیا زەویەکانی خۆیان دەفرۆشن کە ئەمەش چەندین ساڵ دەخایەنێت تا بتوانن جارێکی تر پشت بەخۆیان ببەستنەوە.

هەروەها حوسێن گوتیشی بەرنامەی خۆراکی جیهانی پیشبینی ئەوە دەکات 10 تا 12 ملیۆن دۆلار بۆ سندوقی هاوکاری پێویست بێت بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کە 8.3 ملیۆن دۆلار پـێویست بوو.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG