ئه‌مڕۆ به‌یانی ئاژانسی ناسا نوێترین ئۆتۆمبێلی توێژینه‌وه و پشکنین به ناوی ( ڕۆڤه‌ر) بۆ هه‌ساره‌ی (بارام) یاخود مه‌ریخ به‌ره‌و ئاسمان نارد، ئه‌م پرۆژه‌یه به ئامانجی لێکۆڵینه‌وه‌یه بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ له ئه‌گه‌ری هه‌بوونی ژیان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ساره ڕه‌نگ سووره‌یه.
ناسا بڕی 2.5 ملیار دۆلاری بۆ لێکۆڵینه‌وه زانستیـیه‌کان له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی بارام ته‌رخانکردووه بۆ تاقیگه‌ی ناسراو به ( کریاستی).
ڕۆڤه‌ر له بنکه‌ی که‌یپ که‌ناڤراڵی ستانی فلۆریدا به مووشه‌کێكی بێ فڕۆکه‌وان به‌ره‌و ئاسمان ڕه‌وانه کرا.
ڕۆڤه‌ر که قه‌باره‌که‌ی هێندی ئۆتۆمبیلێـکه، 17 کامێرا، باڵێکی ڕۆبۆت ، له‌یزه‌ر و ئامێری هه‌ڵکه‌ندنی زه‌وی و کوونکردنی به‌رد پـێوه‌یه.
وه‌ها چاوه‌ڕوانده‌کرێت له مانگی 8 ی ساڵی 2012 بگاته هه‌ساره‌ی بارام، جێگای نیشتنه‌وه‌ی له ناوچه‌یه‌کدا ده‌بێت که پانتایـیه‌که‌ی 150 کیلۆمه‌تره و به (Gale Crater) ناسراوه ، به‌ناوی زانای گه‌ردوون ناسی ئوسترالی (گه‌یڵ) .
(کری‌یه‌ته‌ر) ده‌مێکی گڕکانه و به‌رز و نزمی جیاوازی تێدایه، زاناکان له‌و باوه‌ڕه‌دان ڕۆژێـک له ڕۆژان ئاوی لێبووه. شاخێکی به‌رز و فراوانی لێ‌یه، به‌رپرسانی پرۆژه‌که ده‌ڵێن سه‌نگی سه‌ره‌کی ده‌خرێته‌سه‌ر. زاناکان گوتیشیان ئه‌م ئه‌رکه‌ی ڕۆڤه‌ر پـێی هه‌ڵده‌سـتێت یارمه‌تی ده‌دات له ئاشـکراکردنی نهێنیـیه‌کانی ڕابردووی ژینگه‌ی ئه‌و هه‌ساره‌یه.
هه‌روه‌ها زاناکانی ناسا ده‌ڵێن ئۆتۆمبێلی( ڕۆڤه‌ر) به‌کاردێنن بۆ لێکۆڵینه‌وه له ڕه‌وشی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی لێی ده‌نیشێته‌وه، تاوه‌کو بزانن له باره بۆ ژیانی گیان له‌به‌ره ورده‌کانی وه‌ک ڤایرۆس و به‌کتریا.
ده‌شڵێن پشکنینه‌کان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ژیان و پاشماوه‌ی ژیان نیـیه.
(ڕۆڤه‌ر) ئۆتۆمبێلێکی 6 ویله و به گه‌وره‌ترین ئۆتۆمبێڵ داده‌نرێت که هه‌تا ئێستا بۆ هه‌ساره‌ی بارام نێردرابێت.
کێشی 900 کیلۆگرامه و 2 مه‌تر درێژه و 2 مه‌تر پانه، دوو ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ردوو ئۆتۆمبێلی پێشوو سپیرت و ئۆپیرتونتیه.