Accessibility links

نوێبوونەوەی پێکدادانەکان دوای پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە ناگۆرنۆ کاراباخ


پەیامنێرانی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ئاماژەیان بەوەدا شەوی ڕابردوو و بەیانی ڕۆژی دووشەممە پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان دووبارە دەستیان پێکردۆتەوە و هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە ناگۆرنۆ کاراباخ کە ڕوسیا نێوەندگری تێدا کردووە.

پەیامنێرێکی فرانس پرێس لە شارۆچکەی باردای ئازەربایجان کە نزیکە لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕەکە وتی ڕۆژی دووشەممە گوێی لە دەنگی بۆردومانەکان بووە.

هەروەها پەیامنێرێکی دیکەی فرانس پرێس بە هەمان شێوە ئاماژەی بەوەدا لە شاری ستیباکێرتی سەرەکی لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ گوێی لە دەنگی بۆردومانەکان بووە لە بەری شارۆچکەی حەدروت.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان هێزەکانی ئەرمینیای تۆمەتبارکرد بەوەی نەیانتوانیوە پابەندی ڕێکەوتنی ئاگربەست ببن کە لە دانوستانەکانی مۆسکۆدا واژۆ کرا و ڕوسیا سەرپەرشتی دەکرد.

وەزارەتەکە وتی " هێزە چەکدارەکانی ئەرمینیا کە نەیانتوانی پابەندی ئاگربەستە مرۆییەکە ببن، چەند جارێک هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر شوێنەکانی سوپای ئازەربایجان."

وتیشی " ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی دوژمنیان لەناوبردووە و سێ تانکی تی-72 و سێ موشەک هاوێژی گرادیشیان تێکشکاندووە."

لەلای خۆیەوە ئەرمینیا وتی " دوژمن زیانێکی زۆری گیانی و ماددی سەربازی لێکەوتووە." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

دوای یانزە کاتژمێر لە دانوستانەکانی نێوان وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان و وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا لە مۆسکۆ، بەیانی زووی ڕۆژی شەممە هەردوولا ڕێکەوتن لەسەر وەستاندنی شەڕ بەهۆی هۆکاری مرۆییەوە، بەڵام ئاگربەستەکە خۆی نەگرت.

لە ساڵی نەوەدەکاندا بەهۆی شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانەوە نزیکەی 30 هەزار کەس کوژران و لە ساڵی 1994 دا ئاگربەست ڕاگەیەندرا، بەڵام چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هەردوولا لەسەر زیانە گیانیەکان دەیدەن، لە مانگی ڕابردووەوە دوای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 کەس کوژراون و 60 کەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG