لەم هەفتەیەدا وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان بە جیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆدا کۆدەبنەوە، لەکاتێکدا هێزە جیهانیەکان داوای وەستاندنی شەڕ دەکەن لە هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ.
هەردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕایانگەیاند ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان جیهۆن بیرامۆڤ و هاوتا ئەرمەنیەکەی زوهراب مناتسکانیان لە واشنتن لەگەڵ مایک پەمپێیۆدا کۆدەبنەوە.
بەڵام هەردوولا بەدووریانزانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدرێت.
هەریەک لە وڵاتانی وەکو ڕوسیا و ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکان و بەردەوام بوونی شەڕ و پێکدادانەکان لەسەر ناگۆرنۆ کاراباخ.
مانگی ڕابردوو ئەرمینیا و ئازەربایجان لە مۆسکۆ ڕێکەوتن لەسەر ئاگربەست، هەفتەی ڕابردووش جارێکی دیکە ڕێکەوتنەوە لەسەر وەستاندنی شەڕ لە ناگۆرنۆ کاراباخ، بەڵام هەردوو جارەکە ڕێکەوتنەکان جێبەجێ نەکران.
یەریڤان ئاماژەی بەوەدا 772 سەربازی ئەرمەنی و 36 هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە کوژراون.
هاوکات ئازەربایجان تاوەکو ئێستا ژمارەی زیانە گیانیەکانی لەنێو سوپاکەیدا ئاشکرا نەکردووە بەڵام وتی 63 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.
سەرچاوە/ فرانس پرێس