Accessibility links

پارتەکەی ئۆن سان سوچی داوای ئازادکردنی سەرۆک و کاربەدەستانی پارتەکە لە لەشکر دەکات


کۆمکاری نیشتمانی بۆ دیموکراسی میانمار ڕۆژی سێشەممە داوای ئازادکردنی ڕێبەری دیفاکتۆ ئۆن سان سوچی، سەرۆک وین مەینت و سەرکردەکانی تری پارتەکە دەکات.

ئەو بەیاننامەیەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە ڕۆژێک پاش ئەوەیە کە لەشکر دەستیگرت بەسەر وڵاتەکەدا و سیاسەتمەدارە باڵاکان دەستگیر کران.

ڕۆژی سێشەممە شەقامەکان بێدەنگ بوون، خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن دەستیانپێکردەوەو بانکەکانیش جارێکی تر کرانەوە.

لەشکر ڕایگەیاند دەستبەسەرداگرتنی وڵات، کە بڕیارە بۆ ساڵێک بەردەوام بێت، گرنگ بوو لەبەر ئەوەی حکومەت هیچ کارێکی نەکرد بۆ سکاڵاکانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 11 دا کە پارتی کۆمکاری نیشتمانی بۆ دیموکراسی سەرکەوتنێکی فراوانی تیایدا بەدەستهێنا. بڕیار بوو خولی نوێی پەرلەمان لە ڕۆژی دووشەممە دەستپێبکاتەوە.

دەربڕینی نیگەرانی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو کردەوە سەربازییە بەربڵاو بوو ، چەندین حکومەت داوایان لە لەشكر کرد ڕێز لە پرۆسەی دیموکراسی بگرێت و بەرپرسە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات . جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزاکانی کرد.

بایدن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کوێیەک دیموکراسی لە ژێر هەڕەشەدا بێت، بەرگری لێدەکات."

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە کۆبونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی ڕەشی میانمار ئەنجام دەدات.

باربرا وودوارد باڵیۆزی بەریتانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەم مانگەدا سەرۆکایەتی بەنۆبەی ئەنجومەنی ئاسایشی لەدەستدایە، گوتی ئەنجومەنی ئاسایش تاوتوێی " کۆمەڵێک بژاردە" دەکەن بۆ هێشتنەوەی هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەو مسۆگەرکردنی ئازادی ئۆن سان سوچی و ڕێبەرەکانی تر.

بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان مشێڵ باچلێت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " مەترسییەکی قوڵ هەیە لەمەڕ سەرکەوتکردنی دەنگی بەرهەڵستان" و داوای لە لەشکر کردووە هێزی ناپێویست بەکار نەهێنن.

لەشکری میانمار لە کودەتایەکی بێ خوێنڕشتندا دەستی گرتووە بەسەر دەسەڵاتدا و ئۆن سان سوچی، ڕێبەری هەڵبژێردراوی وڵاتەکەشی دەستگیرکردووە و هەروەها باری نائاسایی ڕاگەیاندووە بۆ ماوەی یەک ساڵ.

ئەم کودەتا لەشکرییە، کۆتایی بە 10 ساڵی فەرمانڕەوایەتی سیڤیلی هێنا لە میانمار، لەشکر ڕەوایی بەم کودەتایە داوە وەک دەڵێت فێڵ و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەی ڕابردوودا کراوە. لەو هەڵبژاردنەدا لایەنەکەی ئۆن سان سوچی، کۆمکاری نیشتمانی بۆ دیموکراسی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنابوو.

XS
SM
MD
LG