Accessibility links

تویتەر هەژماری ڕۆژنامەنووسان دادەخات و مەسک ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبێتەوە


خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئیلۆن مەسک ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند و هۆشداری بۆوە لەسەر داخستنی هەژماری تایبەتی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی دیار، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی خێزانەکەی مەسکییان خستۆتە مەترسییەوە.

ڕۆژنامەنووسانی سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز و واشنتن پۆست ڕۆژی هەینی بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک هەژمارەکانیان لە تویتەر ڕاگیراون.

کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا ڤێرا جورۆڤا لە تویتەر نوسیویەتی " هەواڵەکان سەبارەت بە ڕاگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە تویتەر جێی نیگەرانییە." هەروەها هۆشداریدا لەوەی تویتەر دەکرێت بەپێی یاساکانی ئەوروپا ڕووبەڕووی غەرامەیەکی زۆر ببێتەوە.

گوتیشی " دەبێت ئیلۆن مەسک ئەوە بزانێت. هێڵی سوور هەن، بەمزووانەش سزا دەبێت."

ڕۆژی چوارشەممە مەسک هەژمارەی @elonjet ی داخست کە چاودێری گەشتی فڕۆکە تایبەتییەکەی مەسکی دەکرد.

مەسک گوتی داخستنی ئەو هەژمارە پێویست بووە، ئەوەش دوای ئەوەی کەسێک لە لۆس ئانجلس شوێن ئوتومبێلێک کەوتووە کە یەکێک لە منداڵەکانی مەسکی پێبووە. هەروەها ئەو هەژمارە تایبەتییەی بە بەرپرس دانا لەو ڕووداوە.

هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان باسییان لەو ڕووداوە کردووە، بەو تویتانەشەوە کە پەیوەست بوون بە هەژمارە داخراوەکەوە، کە مەسک دەڵێت کارەکانی ئەو هەژمارە دەگاتە ئاستی " هەماهەنگی کردن بۆ تیرۆرکردنی " خۆی و خێزانەکەی.

لە ڤیدیۆیەکی ڕاستەوخۆدا مەسک هیچ بەڵگەیەکی بۆ بانگەشەکانی نەخستە ڕوو، بەڵام بە هەندێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی گوت کە هەژمارەکانیان داخراون " هەمووان لە تویتەر وەکو یەک سەیر دەکرێن.. ئەوان تایبەت نین بەس لەبەر ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسن."

دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕەخنەیان لەو کارەی مەسک گرت و دەرگایان کردەوە بە ڕووی دووبارە هەڵسەنگاندن بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تویتەردا، کە لە 10 ساڵی ڕابردوودا بووەتە ئامڕازێکی سەرەکی بۆ کاری ڕۆژنامەوانی لە جیهاندا.

سی ئێن ئێن لە تویتێکدا دەڵێت " داخستنی هەڵەشە و بێ هۆکاری کۆمەڵێک هەژماری ڕۆژنامەنووسان، بە دۆنی ئۆسۆلیڤانی سی ئێن ئێنیشەوە جێی نیگەرانییە بەڵام جێی سەرسوڕمان نیە."

گوتیشی " زیادبوونی ناجێگیری و ناسەقامگیری دەبێت نیگەرانییەکی گەورە بێت بۆ هەموو ئەوانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بەکاردەهێنن."

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند داوای ڕوونکردنەوە لە تویتەر دەکات سەبارەت بە " داخستنی گوماناوی هەژماری ڕۆژنامەنووسان."

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند وەزارەتەکە کێشەی هەیە لەگەڵ ئەو هەنگاوانەدا کە ئازادی ڕۆژنامەوانی دەخەنە مەترسییەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەژماری فەڕمی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی " ئازادی ڕۆژنامەوانی نابێت بە ئارەزوو دابگیرسێندرێت و بکوژێندرێتەوە. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە خوارەوە ئاماژەمان پێداون چیتر ناتوانن ئاگایان لێمان بێت و لێدوان و ڕەخنەمان لێبگرن. ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا هەیە." لەگەڵ پۆستەکەشدا وێنەی هەژماری ئەو ڕۆژنامەنووسانەی داناوە کە لە تویتەر داخراون.

وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی حکومەت بە نیگەرانیەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکات لەسەر تویتەر.

سەرچاوە/ فرانس پرێس ، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG