ئیلۆن مەسک کە سەرۆکایەتی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەکات بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، ڕۆژی دووشەممە گورتی کار دەکرێت بۆ داخستنی دەزگای یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ دەرەوە کە ناسراوە بە USAID.
مەسک کە بەڕێوبەری جێبەجێکارە لە کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس، ڕۆژی دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس تاوتوێی بەشی کارایی حکومەتی کرد. سەرۆک ترامپ مەسکی دیاریکردووە بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئەو بەشە کە خەرجییەکانی حکومەتی فیدڕاڵ کەم دەکاتەوە.
مەسک لە گفتوگۆکەدا وتی کاردەکەن بۆ داخستنی دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا ( USAID ).
وتی ئەم دەزگایە بە جۆرێک تێکچووە کە " ناتوانرێت چاکبکرێتەوە" و ڕایشیگەیاند ترامپ ڕازییە بەوەی کە پێویستە ئەو دەزگایە دابخرێت.
هاوکات کارمەندانی دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا پێیان وتراوە کە نەچنەوە بۆ بارەگاکانی دەزگاکە لە واشنتن و لە دوورەوە کارەکانییان بکەن، ئەمەش بەپێی کۆپییەکی ئیمەیڵێک کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بیندراوە.
ڕۆژی یەکشەممە ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ دوو بەرپرسی باڵای ئاسایشی لە دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا دەرکردووە، سێ سەرچاوە دەڵێن دوای ئەوە بووە کە بەرپرسەکانی ئاسایش هەوڵییان داوە ڕێگری بکەن لە نوێنەرانی بەشی کارایی حکومەت لە دەستڕاگەیشتن بە بەشە سنوردارکراوەکانی بیناکە.
دواتر ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت کە دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا لەلایەن " چەند شێتێکی توندڕەوەوە بەڕێوەدەبرێت ". وتیشی " ئەوان دەردەکەین و دواتر بڕیارێک دەردەکەین."
دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا گەورەترین بەخشەرە لە جیهاندا. لە ساڵی دارایی 2023 دا، ئەمەریکا 72 ملیار دۆلاری وەکو یارمەتی لە سەرانسەری جیهاندا خەرج کردووە، پارەکە بەکارهێندراوە بۆ تەندروستی ژنان لە ناوچەکانی شەڕدا و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاکی خواردنەوە و چارەسەرکردنی ئەیدز و ئاسایشی وزە و کارەکانی دژە گەندەڵی. لە سەدا 42 ی سەرجەم یارمەتییە مرۆییەکانی دابین کردووە کە لە ساڵی 2024 دا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار کراوە.
ماڵپەڕی دەزگاکە ڕۆژی شەممە بە داخراویی مایەوە و هەندێک لە بەکارهێنەرەکانی نەیانتوانیوە ڕۆژی یەکشەممە دەستیان بە ماڵپەڕەکە بگات. دەزگاکە زیاتر لە 10,000 کارمەندی هەیە.
سەرۆک ترامپ فەرمانی کردووە بە ڕاگرتنی زۆربەی یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ دەرەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتی " سەرەتا ئەمەریکا " دا. پڕۆگرامەکانی وەکو نەخۆشخانە کاتییەکان لە کامپەکانی پەنابەران لە تایلاند و پاککردنەوەی مینەکان لە ناوچەکانی شەڕ و دابینکردنی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی ملیۆنان کەس کە بە دەست نەخۆشییەکانی وەکو ئەیدزەوە دەناڵێنن، هەموو ئەم پڕۆگرامانە لە ژێر مەترسی نەماندان.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی خەرجیەکانی ئەمەریکا و ساختەکاری، مەسک پێشبینی کرد کە بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ دەتوانێت ساڵی داهاتوو 1 تریلیۆن دۆلار لە کورتهێنانی بودجەی ئەمەریکا کەم بکاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز