Accessibility links

ڕۆبەرت مۆلەر: ڕاپـۆرتەکەم سەرۆک ترامپ بە تەواوی بێتاوان دانانێت


ڕۆبەرت مۆلەر لێکۆڵەری تایبەت لە کەیسی دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەردەم کۆنگرێس گوتی ڕاپـۆرتەکەی لە بارەی لێکۆڵینەوەکان بە تەواوی سەرۆک ترامپ بێتاوان دانانێت.

جێراڵد نەدلەر سەرۆکی کۆمیتەی دادوەری لە ئەنجومەنی نوێنەران پـرسیاری لە مۆلەر کرد "ئایە سەرۆک بە تەواوی بە بێتاوان دادەنێـیت؟"

ئەویش لە وەڵامدا گوتی"نەخێر"، پاشان گوتی "سەرۆک بەبێ تاوان دانەنراوە لەو کارانەی کردوونی."

مۆلەر ڕوونیکردەوە بەهۆی ڕێبازێکی لە مێژینەی وەزارەتی داد کە ڕێگە نادات تۆمەت ئاڕاستەی سەرۆک بکرێت لەو کاتەی لەسەر دەسەڵات بێت، بۆیە ناکرێت سەرۆک ترامپ تۆمەتباربکرێت.

دواتر کێن باک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران کە کۆماریـشە، پـرسیاری لە مۆلەر کرد " لەو بڕوایەدایت گوناهی کردبێت، دەتوانیت سەرۆکی ئەمەریکا تۆمەتباربکەیت بە دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم دادپەروەری لە دوای ئەوەی پـۆستەکەی جێدەهێڵێت؟"

مۆلەر گوتی"بەڵێ"

هاوکاتی گەواهیدانەکەی مۆلەر، سەرۆک ترامپ لای خۆیەوە لە ڕێگەی تویتەرەکەی دووپاتی دەکردەوە کە بێتاوانە و ئەوەی ئێستا بەڕێوەدەچێت تەنیا هەوڵێکی دیموکراتەکانە بۆ لەکەدارکردنی.

لە یەکێک لە نووسینەکانی دەڵێت"نە پـیلانگێڕی، نە دروستکردنی کۆسپ!"

مۆڵەری تەمەن 74 ساڵ بۆ ماوەی 5 کاتژمێر وەڵامی پـرسیاری ئەندامانی کۆنگرێسی دەدایەوە سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی کە 22 مانگیان خایاند و لە مانگی سێ ڕاپـۆرتێکی 448 لاپەڕەیی لە بارەیانەوە ڕادەستی وەزارەتی داد کرد. مۆلەر پـێشتر بەڕێوەبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا بووە و 88 جار لە بەردەم کۆنگرێس گەواهی خۆی داوە.

XS
SM
MD
LG