Accessibility links

مۆلەر لێکۆڵینەوەکانی تەواوکرد لەبارەی دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا


لێکۆڵەری تایبەت بە کەیسی دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ڕاپـۆرتی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ڕادەستی ولیەم باڕ وەزیری داد کرد.

ولیەم باڕ ئەمڕۆ هەینی لە نامەیەکیدا بۆ کۆنگرێس، گوتی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆبەرت مۆلەر سەبارەت بە کەیسی دەستێوەردانی ڕووسیا و بابەتەکانی دیکەی پەیوەستەوە تەواوبووە و بە دەستی گەیشتووە وە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو کۆنگرێس لە پـوختەیەکی ڕاپـۆرتەکە ئاگاداردەکاتەوە.

جەختی کردەوە هیچ کۆسپـێک لە بەردەم لێکۆڵینەوەکەدا دروست نەکراوە چ لە لایەن وەزارەتی داد یان هەرچ لایەنێکی دیکەوە.

گوتیشی لەگەڵ ڕۆبەرت مۆلەر و جێگری وەزیری داد کۆدەبێتەوە بە مەبەستی ڕاوێژکردن لە بارەی هەندێک بەشی ڕاپـۆرتەکە لەوەی ئایا بە کۆنگرێس بدرێت یاخود بۆ ڕای گشتی ئاشکرابکرێن یان نا.

وەزیری داد باسی لەوەش کرد پـوختەیەکی ڕاپـۆرتەکە بۆ ئەمەریکایـیەکان بڵاودەکاتەوە کە بەشە نهێنیـیەکانی لێکۆڵینەوەکەی تێدا نەبێت.

بەپـێی یاسای ئەمەریکا دەبێت وەزیری داد کۆمیتەی دادوەری لە کۆنگرێس لە ئەنجامە سەرەکیـیەکانی لێکۆڵینەوەکە ئاگاداربکاتەوە.

خانم نانسی پـڵۆسی دیموکرات، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و چەک شومەر ڕێبەری دیموکراتەکانی کەمینە لە ئەنجومەنی سینات پـێکەوە ڕاگەیاندنێکیان لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا داوایان لە وەزیری داد کرد تەواوی ڕاپـۆرتەکە ئاشکرابکات و دۆکۆمێنت و ئەنجامەکان بدات بە کۆنگرێس. هەروەها داواشیان لێکرد هیچ ئەنجامێک یان بەڵگەیەکی لێکۆڵینەوەکانی مۆلەر نەدات بە سەرۆک ترامپ یان بە پارێزەر و فەرمانبەرەکانی. لەگەڵ ئەوانشدا نابێت کۆشکی سپی قسە لەسەر ئەو بڕیارانە بکات کە لە بارەی ئاشکراکردنی بەشەکانی ڕاپـۆرتەکە و بەڵگەکانی دەدرێن.

میچ مەککۆنەڵ ڕێبەری کۆماریـیەکانی زۆرینە لە ئەنجومەنی سینات ئەویش لەسەر تویتەرەکەی ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بۆنەی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆبەرت مۆلەر لە بارەی دەستێوەردانەکانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 .

گوتیشی" هیوادارم ئەم ڕاپـۆرتەی مۆلەر ڕۆڵی هەبێت لە بەهێزکردنی هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی دیموکراسیـیەکەمان."

خانم سارا ساندەرز گوتەبێژی کۆشکی سپـی ئەویش لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ڕایگەیاند " هەنگاوی داهاتوو دەکەوێتە سەر ولیەم باڕ وەزیری داد، وە ئێمەش چاومان لە ڕێـیە بۆ ئەوەی پـرۆسەکە ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت. کۆشکی سپی هیچی لە بارەی ڕاپـۆرتەکەی لێکۆڵەری تایبەت پـێنەگەیشتووە یان لێی ئاگادارکرابێتەوە."

دەزگا هەواڵگریـیەکانی ئەمەریکا پـێشتر گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ڕووسەکان هەوڵیان داوە دەستوەربدەنە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی هاککردنی ئیمەڵی دیموکراتەکان و پاشان بڵاوکردنەوەی ئیمەیڵە هەستیارەکانیان لە ماڵپەڕەکانی وەکو ویکیلیکس. دیموکراتەکان دەڵێن بڵاوکردنەوەی ئەو ئیمەیڵانە کاریگەری خراپی هەبووە لەسەریان لە میانەی هەڵبژاردنەکاندا.

سەرۆک ترامپ بە توندی ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندیـیەکی بە ڕووسیاوە هەبێت و ڕەتیدەکاتەوە سەرکەوتنی ئەو لە هەڵبژاردنەکاندا لە ئاکامی دەستێوەردانی ڕووسیاوە بووبێت.

XS
SM
MD
LG