Accessibility links

کۆمپانیای مۆدێرنا ڕاپـۆرتێکی دڵخۆشکەر لەبارەی ڤاکسینەکەی دژی کۆرۆنا بڵاودەکاتەوە


کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمەریکایی بۆ دروستکردنی ڤاکسین و دەرمان ڕایگەیاند ئەو ڤاکسینەی کاری لەسەر دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری کۆڤید 19 ، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.

کۆمپانیاکە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە، دەڵێت بەپـێی ئەو ئەنجامانەی دەستیانکەوتووە لە تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە بەسەر 30 هەزار کەسی خۆبەخش، بۆیان دەرکەوتووە بە ڕێژەی 94.5% کاریگەری هەیە.

مۆدێرنا بە نیازە ئەم ڤاکسینەی کە بە mRNA-1273 ناسروا، بە پەلە مۆڵەتی بەکارهێنانی لە لایەن دەزگای حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا بۆ چاودێری خۆراک و دەرمان FDA بۆ وەربگرێت.

کۆمپانیاکە دەشڵێت تاقیکردنەوەکانی کردووە لەسەر کەسانی تەمەنی جیاوازی سەروو 18 ساڵ و ڕەگەزی جیاوازی وەکو ئەفریکایی و ئاسیایی و ئەمەریکایی لاتین. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا بە سەدان ملیۆن دۆلار کۆمەکی کارەکەیان دەکات، لەوانە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەبەهای زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلار پـێداویستیـیەکانی دروستکردنی ڤاکسینەکە دابیندەکات.

بەپـێی ئەم ڕاگەیاندنەی مۆدێرنا بێت، ڤاکسینەکەی زیاتر لەوەی کۆمپانیای فایزەر باشترە. فایزەر هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند ڤاکسینەکەی بە ڕێژەی 90% کاریگەری هەیە.

XS
SM
MD
LG