Accessibility links

هاوپەیمانێتی بەڕابەرایەتی سعودیە لە یەمەن هێرشی ئاسمانی کردە سەر سەنعا


هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە لە یەمەن کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی کردە سەر سەنعای پایتەختی یەمەن کە لەژێر دەسەڵاتی حوثییەکاندایە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی حوثییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتیەکانی سعودیەیان ڕاگەیاند.

دانیشتوانی ناوچەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان وت هێرشەکان نۆ شوێنی سەربازیی لە شارەکە و دەوروبەری کردۆتە ئامانج. کەناڵی مەسیرەی سەر بە حوثییەکانیش وتی هاوپەیمانێتی شەش هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە.

کەناڵی عەرەبییەی سەر بە سعودیە لە زاری بەیاننامەکەی هاوپەیمانێتیەکەوە بڵاویکردەوە " هاوپەیمانان پشتیوانی یاسایی لە یەمەن ڕاگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە پڕۆسەی بە ئامانجکردنی ئامانجە سەربازییەکانی سەر بە حوثییەکان لە سەنعا دەستی پێکرد، ئەم هێرشانەش بۆ سنووردارکردنی توانای سەرهەڵداوانی یەمەنە تاوەکو نەتوانن کاری دوژمنکاریی ئەنجام بدەن."

لە بەیاننامەکەدا داوا لە هاوڵاتیانی مەدەنی کراوە نزیک نەکەونەوە لەو ناوچانەی کە کراونەتە ئامانج. هیچ هەواڵێکیش نیە لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی.

ڕۆژی سێشەممە سعودیە ڕایگەیاند فڕۆکە درۆنەکانی حوثییەکان هێرشیان کردۆتە سەر دوو وێستگەی دەرهێنانی نەوت بەڵام کارەکان نەوەستاون. حوثییەکانیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕاگەیاند.

ڕۆژی چوارشەممە ئیماڕات کە ئەندامێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانێتیەکەدا وتی هاوپەیمانێتیەکە بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک حوثییەکان دەداتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG