Accessibility links

لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە مەکسیک لانی کەم 53 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا


دوابەدوای ڕووداوەکە، لاشەی کۆچبەران لە توختلا گۆتیرێز، چیاپاس
دوابەدوای ڕووداوەکە، لاشەی کۆچبەران لە توختلا گۆتیرێز، چیاپاس

لانی کەم 53 کۆچبەر کە زۆرینەیان کۆچبەری ئەمەریکای ناوەند بوون لەکاتێکدا کە ئەو بارهەڵگرەی دەیگواستنەوە لە باشووری مەکسیک وەرگەڕا، گیانیان لەدەستدا. ئەمەش لە کوشندەرترین ڕووداودا کە بەسەر ئەو خەڵکانەدا دێت ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ گەیشتن بە ئەمەریکا.

بەڕێوبەری دەزگای پاراستنی مەدەنی چیاپاس لویس مانوێل گارسیا وتی ڕووداوەکە کاتێک ڕوویداوە کە بارهەڵگرەکە لە پێچێکی تیژدا بووە لە دەرەوەی شاری توختلا گوتیرێز لە ویلایەتی چیاپاس.

ئۆفیسی دادوەری گشتی مەکسیک وتی 53 کەس گیانیان لەدەستداوە.

دەزگاکە وتی قوربانیەکان پیاو و ئافرەت و منداڵیان تێدا بووە.

سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر خەم و پەژارەی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو ڕووداوە " بە ئازارە."

بەرپرسان وتیان بەهۆی ڕووداوەکەوە کۆمەڵێک کەسی دیکە برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ناوچەکە کراون.

کۆچبەران لە ئەمەریکای ناوەندەوە لە دەست هەژاری و توندڕەوی هەڵدێن و مەکسیک بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە سنووری ئەمەریکا، هەندێک کاتیش لە بارودۆخێکی زۆر مەترسیداردا ژمارەیەکی زۆرییان دەچنە ئەو بارهەڵگرانەوە کە قاچاخچیەکان ئامادەیان کردوون.

وتەبێژی سەرۆکایەتی گواتیمالا کێڤن لۆپێز وتی " ئەمە بۆمان دەردەخات کە کۆچی نایاسایی باشترین ڕێگە نیە."

بەڵام نەشیزانی چەند هاوڵاتی گواتیمالای لە ڕووداوەکەدا بوون.

وەزیری دەرەوەی ئێل سێلڤادۆر ئالیکساندرا هیڵ وتی حکومەتەکەی کاردەکات تاوەکو بزانێت هاوڵاتیانی وڵاتەکە لەنێو قوربانییەکانی ڕووداوەکەدا هەبوون یاخود نا.

دامەزراوەی کۆچی نیشتیمانی مەکسیک وتی یارمەتی و ڤیزای مرۆیی دەدات بە ڕزگاربووەکان، هەروەها فەرمانڕەوای چیاپاسیش ڕوتیلیۆ ئێسکاندۆن وتی ئەوانەی بەرپرس بوون لەو ڕووداوە، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG