دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوییان کردەوە بەهۆی ڕووداوی نقوومبوونی بەلەمێکەوە لە دەریای ناوەنددا 64 کەس بێسەروشوێن بوون و چەندین کەسی دیکە لە دەرەوەی کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا ڕزگارکران.
گروپی یارمەتییەکانی ڕیسکشیپی ئەڵمانیایی وتی لە ڕووداوێکی دیکەدا بەلەمێکی تەختە لە دەرەوەی کەناری دوورگەی لامپیدوسای ئیتاڵیا نقوومبووە و تیمەکانی فریاگوزاری دەیان کۆچبەرییان گواستووەتەوە و لاشەی 10 کەسی دیکەیان دۆزیوەتەوە کە لە ژێر بەلەمەکەدا گیرییان خواردبوو.
دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زاری ڕزگاربووانەوە بڵاوییان کردەوە ئەو بەلەمە نزیکەی 200 کم دوور لە کالابریای ئیتاڵیاوە نقووم بووە، بەلەمەکە هەشت ڕۆژ لەوەوپێش لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو، بەڵام ئاگرێک تێیدا کەوتووەتەوە و نقوومبووە.
هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا وتی بەلەمێکی فەڕەنسی لەو کاتەدا کە بەلەمەکەی کۆچبەرەکان نقووم بووە ڕووداوەکەی بینیوە و هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیای ئاگادار کردووەتەوە. دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن بەلەمەکە بەو ناوچەیە سنوورییەدا گەشتی کردووە کە یۆنان و ئیتاڵیا ئەرکەکانی گەڕان و فریاگوزارییان تێدا ئەنجام داوە. ڕزگاربووان و ئەوانەی کە هێشتا لە دەریاکەدا بێسەروشوێنن خەڵکی ئێران و سوریا و عێراقن.
هەماهەنگی فریاکەوتنی هاتووچۆی دەریایی ئیتاڵیا دەستبەجێ دوو کەشتی بازرگانی کە لەو نزیکانە بوون ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کردووە. سەرچاوەکانی دەزگای سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا فرۆنتێکس یارمەتی داون.
هێزەکانی پاسەوانی کەناری دەریای ئیتاڵیا وتی ڕزگاربووان گواستراونەتەوە بۆ شارۆچکەی ڕۆشێلا یۆنیکای کالابریا، لەوێ ڕادەستی تیمەکانی تەندروستی کراون. یەکێک لەو 11 کۆچبەرەی کە ڕزگارکرابوون بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە گیانی لە دەستداوە.
لە دووەم ڕووداوی نقوومبوونی بەلەمێکدا، کارمەندانی بەلەمەکەی ڕیسکشیپی ئەڵمانی 61 کەسییان لەسەر بەلەمێکی تەختە دۆزیوەتەوە، بەلەمەکە پڕ بووە لە ئاو.
وتی " کارمەندەکانمان توانیویانە 51 کەس لە ئاوەکە دەربهێننەوە، دووانییان هۆشییان نیە. ئەو 10 کەسەی گیانییان لە دەستدابوو لە بەشە نقوومبووەکەی بەلەمەکەدا بوون."
سەرچاوە/ AP
لە دوو ڕووداوی نقوومبوونی بەلەمدا لە دەرەوەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا، 64 کەس بێسەروشوێن بوون و لانیکەم 11 کەس گیانییان لە دەستداوە
