Accessibility links

زیاتر لە 2500 کۆچبەر لە ماوەی ئەمساڵدا لە دەریای ناوین گیانیان لە دەستداوە


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا زیاتر لە 2,500 کۆچبەر لە هەوڵییاندا بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوروپا لە رێگای دەریای ناوینەوە گیانییان لە دەستداوە یاخود بێسەروشوێن بوون.

بەبەراورد لەگەڵ داتاکانی ساڵی ڕابردوودا بۆ هەمان ماوە، ئەم ساڵ ژمارەکە زۆر زیاتر بووە، ساڵی ڕابردوو 1,680 کۆچبەر لە دەریاکەدا گیانییان لە دەستدابوو یاخود بێسەروشوێن ببوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەوروپا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی ئەو کۆچبەرانە بووەتەوە کە گەشتێکی مەترسیدار بەو دەریایەدا دەکەن.

کۆمسیاری باڵای ئۆفیسی کۆچبەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوڤین مێنیکدیویلا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی وت "لە مانگی یەکی ساڵی 2023 ەوە تاوەکو 24 ی مانگی 2023 نزیکەی 186,000 کەس لە ڕێی دەریاوە گەیشتوونەتە باشووری ئەوروپا، گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و یۆنان و ئیسپانیا و قوبرس و ماڵتا."

وتیشی ئیتاڵیا زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی وەرگرتووە، لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا ژمارەی کۆچبەرەکان زیادی کردووە، بە جۆرێک 130,000 کۆچبەر گەیشتوون، ئەوەش دوو هێندەی ماوەی کۆتایی مانگی شەشە و لە سەدا 83 زیاترە بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.

کۆچبەرەکان بە زۆریی خۆیان دەگەیەنە دوورگەی لامپیدوسای ئیتاڵیا کە خاڵی سەرەکی گەیشتنی کۆچبەرانی باکووری ئەفریکایە بۆ ئەوروپا. لەم مانگەدا نزیکەی 12,000 کەس کە دوو هێندەی دانیشتوانی دوورگەکەیە، لە ماوەی تەنها یەک هەفتەدا گەیشتوونەتە دوورگەکە.

مێنیکدیویلا وتی "بارودۆخەکە لە لامپیدوسا جێی نیگەرانییەکی زۆرە."

نوێنەرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی بۆ بەرپرسانی ناوخۆی دوورگەکە بۆ هەوڵەکانیان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەراندا. بەڵام وتی نابێت ئیتاڵیا بە تەنها جێبهێڵدرێت لە وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی کۆچبەرەکاندا و داوای یارمەتی لە وڵاتانی دیکەش کرد.

وتیشی لەم ساڵدا نزیکەی 102,000 لەو کۆچبەرانەی کە هەوڵیانداوە بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا لە تونسەوە هاتوون، 45,000 کەسییان لە لیبیاوە هاتوون. زۆرێکییان پێش ئەوەی بگەنە ئاوەکانی دەریاکە لە سەحارای ئەفریکا گیانییان لە دەستداوە، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێڕەوە وشکانییەکان دادەنرێت لە جیهاندا. ئاماژەی بەوەدا ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی کە بەم ڕێڕەوانەدا گەشت دەکەن لە هەر هەنگاوێکییاندا مەترسی " گیان لە دەستدان و پێشێلکردنی بەرچاوی مافەکانییان لەسەرە."

XS
SM
MD
LG