Accessibility links

بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی تورکیا، 22 کەس گیان لەدەستدەدەن


بەگوێرەی زانیارییەکان ڕۆژی هەینی 15ی مانگی سێ بەلەمێکی لاستیکی کە کۆچبەرانی هەڵگرتبوو، لە ئاوەکانی باکووری دەریای ئیجە لە نزیک کەناراوەکانی تورکیا نوقم دەبێت و لانیکەم 22 پەناخواز بەو هۆیەوە گیان لەدەستدەدەن کە حەوت منداڵ و کۆرپەلەیەکیان تێیدا بووە.

بە وتەی فەرماندەی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا، دوای نقوومبوونی بەلەمەکە دوو کەس لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی کەنارەکانەوە ڕزگارکراون و دوو کەسی دیکەش " خۆیان توانیویانە خۆیان ڕزگار بکەن."

وتیشی فڕۆکەیەک و دوو فڕۆکەی هێلیکۆپتەر و 18 کەشتی هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکان و تیمەکانی دیکەی فریاگوزاری بەشدار بوون لە هەوڵەکانی گەڕان و فریاگوزاریدا، 502 کەسی دیکەش بەشدار بوون.

پێشتر ئیلهامی ئاکتاش فەرماندەی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا بە دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵوی تورکیای ڕاگەیاندبوو ئەو چوار کۆچبەرەی ڕزگارییان بووە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

وتیشی دەستبەجێ نەزاندراوە چەند کەس لەسەر بەلەمەکە بوون.

لە هەواڵێکی دیکەدا ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە هەواڵی گیانلەدەستدانی 60 پەنابەری بڵاوکردەوە کە لە لیبیا بەرەو ئیتاڵیا رۆیشتوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی فریاگوزاری دەریای ناوەڕاست، دوای سێ ڕۆژ بزوێنەری بەلەمی ئەو پەنابەرانە تێکچووە و بۆ چەند ڕۆژێک بەبێ خواردن و بێ ئاو لەناو ئاوەکاندا گیریان خواردووە. هەروەها لەم ڕووداوەدا ژنێک و منداڵەکەی گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها پاسەوانی نیشتمانی تونس ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بە هۆی نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەرانەوە لانیکەم 34 کۆچبەر بێسەروشوێن بوون.

لەگەڵ باشتربوونی کەشوهەوا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، جموجۆڵی کۆچبەرانی ئەفریقایی لە نێویاندا تونسییەکان بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا لە ڕێگەی دەریاوە زیادی کردووە.

دەریای ناوەڕاست یەکێکە لە کوشندەترین ڕێگاکانی کۆچ لە جیهاندا.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی کۆچبەری نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ڕابردوو نزیکەی دوو هەزار و 500 کۆچبەر لە هەوڵی بەزاندنی ئەو ڕیگەیەدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون و لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە تا ئێستا 226 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG