Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا: هەرگیز میشێل ئۆباما خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید ناکات


سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە میشێلی هاوسەری هەرگێز خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید ناکات، بەمەش ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لەوە دەکرد میشێل ئۆباما ڕەنگە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 کاندید بکات.

لە چاوپێـکەوتنێـکدا لەگەڵ جان وێنەر ڕۆژنامەوانی ڕۆڵینگ ستۆن، براک ئۆباما گوتی " میشێل هەرگیز خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید ناکات. ئەوەی من دەیزانم کەسێـکی لێهاتووە. دەتوانیت ئەو دەنگدانەوە گەورەیەی لە نێو ئەمەریکایـیەکاندا ببینیت. بەڵام بە شۆخی دەڵێم ئەو زۆر لەوە ژیرترە لەوەی خۆی بخاتە نێو سیاسەتەوە."

هەروەها گوتی کاتێـک لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو خۆی و میشێلی هاوسەری کۆشـکی سـپی جێدەهێڵن، ئەوا هەر لەسەر ئەو بیر و باوەڕەیان بەردەوام دەبن، ئەویش " کاتێـک بە ڕاستی لەسەر ئاستی بنکەی جەماوەری کاردەکەیت گۆڕانکاری دەێتە دی."

شایەنی باسە لەوەتای دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی سەرکەوتنی بەسەر هێلەری کلنتن تۆمارکرد، ژمارەیەکی زۆر لە ئەمەریکایـیەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان داوا دەکەن میشێل ئۆباما کاربکات بۆ بەدەسـتهێنانی پشـتیوانی دیموکراتەکان تاوەکو خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی داهاتوو کاندید بکات.

میشێل ئۆبامای تەمەنی 52 ساڵە و جگە لەوەی لە میانەی سەرۆکایەتی سەرۆک ئۆباما خانمێـکی یەکەمی چالاک و بە توانا بووە، هەروەها پـێشتریش لێهاتوویی خۆی نیشانداوە و دکتۆرای لە یاسا هێناوە لە زانکۆی هارڤارد.

XS
SM
MD
LG