Accessibility links

پارێزەری پـێشووی سەرۆک ترامپ گەواهی لە بەردەم کۆمیتەیەکی کۆنگرێس دەدات


بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە مایکڵ کۆهێن پارێزەری پـێشووی سەرۆک ترامپ لە بەردەم کۆمیتەی چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەبێت تاوەکو گەواهی خۆی بدات لە بارەی سەرۆک ترامپ کە بۆ ماوەی 12 ساڵ پارێزەری بووە.

بەپـێی دەزگا هەواڵیـیەکان مایکڵ کۆهێن لە گەواهیدانێکیدا گوتویەتی سەرۆک ترامپ"پـیاوێکی ڕەگەز پەرستە، دەستبڕە، ساختەچیـیە."

دەشڵێت سەرۆک ترامپ درۆ دەکات کە دەڵێت ئاگادار نەبووە سەبارەت بەوەی کۆمپانیاکەی دانوستاندنی کردووە بۆ دروستکردنی بینایەکی گەورە لە مۆسکۆ لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016.

هەروەها دەڵێت سەرۆک ترامپ ئاگاداربووە ڕۆجەر ستۆن ڕاوێژکاری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ جولیان ئاسانگ دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکیلیس لە بارەی بڵاوکردنەوەی ئیمەیڵەکانی لە هاککردنی کۆمپیوتەری دیموکراتەکان برابوون.

پاشان ئەم پارێزەرە کە لە ساڵی 2006 وە هەتا ساڵی 2018 پارێزەری تایبەتی سەرۆک ترامپ بووە، دەڵێت ترامپ هەرگیز پـێشبینی نەکردبوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەباتەوە و تەنیا ویستوویەتی بە خۆ کاندیدکردنی بۆ ئەم پـۆستە ڕێکڵام بۆخۆی بکات.

بەڵام گوتیشی هیچ بەڵگەیەکی نیـیە بیسەلمێنێت هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیادا هەبووە.

سەرۆک ترامپ بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسی " بە داخەوە مایکڵ کۆهێن یەکێک بووە لە چەندان پارێزەری دیکەی."...." ئەو لەبەر درۆ و فرتوفێڵ لە لایەن دادگای باڵاوە لە کاری پارێزەری لابراوە. شتی خراپی ئەنجامداوە کە هیچ پەیوەندیـیان بە ترامپەوە نیـیە. ئەو درۆ دەکات تاوەکو ماوەی زیندانەکەی کەمبکەنەوە."

لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو مایکڵ کۆهێن لە لایەن داواکارانی گشتی ئەمەریکاوە هەشت تۆمەتی ئاڕاستەکرا، لەوانە درۆکردن لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەت. دواتر لە مانگی دوازدە دانی‌نا بە تاوانەکەیدا و گوتی جارێک لەبەردەم کۆنگرێس گەواهی درۆی داوە و چیتر ئەوە دووبارە ناکاتەوە و ئیدی ڕاستیـیەکان دەڵێت. لە بەرامبەر ئەم دانپـیادانانەی و بەڵێنی هاوکاریکردنی بۆ ئاشکراکردنی ڕاستیـیەکان، سزاکەی بۆ 3 ساڵ زیندانی کەم کرایەوە.

XS
SM
MD
LG