Accessibility links

6 منداڵ و 3 ژنی ئەمەریکایی لە مەکسێک بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن


ئالفۆنسۆ دورازۆ وەزیری ئاسایشی مەکسیک
ئالفۆنسۆ دورازۆ وەزیری ئاسایشی مەکسیک

شەش منداڵ و سێ ژنی ئەمەریکایی لە بۆسەی باندێکی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لە مەکسیک کوژراون و سەرۆکی ئەمەریکا داوا لە سەرۆکی مەکسیک دەکات جەنگ لە دژی ئەو باندانە ڕابگەیەنێت.

ئالفۆنسۆ دورازۆ وەزیری ئاسایشی مەکسیک گوتی ڕووداوەکە پاش نیوەڕۆی دووێنی دووشەممە لە نێوان هەردوو ناوچەی شیواوا و سونورا بووە وە ڕەنگە باندەکە بە هەڵە تەقەیان لێکردبن کاتێک بینیویانە چەند ئۆتۆمبیلێکی جۆری SUV بە دوای یەکدان و پـێیان وابووبێت باندێکی ڕکابەریانن.

بەهۆی تەقەکانەوە ئۆتۆمبیلەکان ئاگریان گرتووە و لە نێو منداڵە کوژراوەکان دوو منداڵ کە دووانە بوون تەمەنیان 8 مانگ بوو.

گوتیشی 6 منداڵی دیکە لە بۆسەکەدا برینداربوون و توانیویانە لە شوێنێکە هەڵبێن، پـێنج لەو منداڵانە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری فینکسی ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمەریکا گواستراونەتەوە، بەڵام منداڵێکیان ڕێگەی لێ ونبووبوو و دواتر دۆزرایەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسی و هێرشەکەی بە دڕندانە ناودێرکرد و داوای لە سەرۆکی مەکسیک کرد جەنگ لە دژی باندەکانی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان ڕابگەیەنێت وە ئامادەیی دەربڕی ئەمەریکا یارمەتی بدات و بەشداری بکات.

بەڵام ئەندرێس مانۆیل لۆپـێز سەرۆکی مەکسیک پـێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکای ڕەتکردەوە و گوتی سەرۆکەکانی پـێش ئەو جەنگیان ڕاگەیاند و تیایدا سەرکەوتوو نەبوون.

XS
SM
MD
LG