پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە،2ی مانگی شەش دەنگدەرانی مەکسیکی مێژوو تۆمار بکەن لە ڕێی هەڵبژاردنی یەکەمین ژنە سەرۆکەوە، ئەمەش هەنگاوێکی مێژووی دەبێت لە وڵاتێکدا کە توندوتیژیی و جیاکارییەکان لە ڕووی ڕەگەزەوە لە مێژە وڵاتەکەی تەنیوە.
بەربژێری پارتی چەپی دەسەڵاتدارکلاودیا شەینباوم کە پێشتر سەرۆکی شارەوانی شاری مەکسیکۆ بووە، لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا بە ڕێژەی لە سەدا 17 لە پێش ڕکابەرە سەرەکییەکەی پارتی ئۆپۆزسیۆن سوچیل گالڤێزەوە بووە.
تەنها پیاو کە خۆی بەربژێر کردبوو، خۆرخی ئەلڤارێز ماینێز، زۆر لە دواوە بوو، لە کاتێکدا کە وەرزی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەم ساڵ توندوتیژییەکی زۆری بە خۆیەوە بینی و چەندین بەربژێریش کوژران، بەوەش کۆتایی بە هەڵمەتەکە هێندرا.
ئەگەر بەربژێرە ژنەکە ببێتە سەرۆکی مەکسیک، ئەوا مانای ئەوەیە کە ژنان لەو وڵاتەدا دەتوانن بگەنە بەرزترین ئاستی سیاسیی، لە وڵاتێکدا کە ڕۆژانە نزیکەی 10 ژن یاخود کچ دەکوژرێن.
بلانکا سۆسای تەمەن 31 ساڵ کە دوکانێکی هەیە لە شاری مەکسیکۆ وتی ئەوە هانی ژنانی دیکەش دەدات بۆ سەرکەوتن و بیرکردنەوە لەوەی کە " بەڵێ دەتوانیت."
سۆسا پێی وایە شاینبائوم بەردەوام بێت لەو " شتە باشانەی " کە لەلایەن سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆرەوە ئەنجام دراون، لەوانەش بڕینەوەی موچە بۆ بەساڵاچووان و زیادکردنی موچە.
بەڵام ڕیکاردۆ سانچێز دەڵێت دەنگی خۆی دەدات بە گالڤێز، ئەوەش لەبەر " دیدەکەی بۆ کار."
ڕیکاردۆی تەمەن 55 ساڵ کە خاوەن کارە لە شاری مۆنتێری باکووری مەکسیک وتی " سیاسەتەکەی لۆپێز ئۆبرادۆر بۆ خستنە پێشەوەی هەژاران مەبەست لێی تێکدانی هەموومانە بۆ ئەوەی هەژار بین و دواتر ئەو بمانداتێ."
شەینباومی تەمەن 61 ساڵ زۆربەی ناوبانگەکەی بەهۆی لۆپێز ئۆبرادۆرەوە بووە، ئۆبرادۆر هاوەڵێکی چەپییەتی و مامۆستای بووە و لە سەدا 60 ی خەڵکی مەکیسک پەسەندییان کردووە، بەڵام تەنها دەتوانێت یەک خول سەرۆکایەتی مەکسیک بکات.
نزیکەی 100 ملیۆن کەس لە مەکسیک دەتوانن دەنگ بدەن. دەنگدانەکە لە کاتژمێر 8 ی بەیانی لە ویلایەتی کوینتانا ڕۆی باشووری ڕۆژهەڵات و چەند ناوچەیەکی سەر سنووری ئەمەریکا دەستپێدەکات، دواتریش لە هەرێمەکانی دیکە دەستپێدەکات.
هەزاران سەرباز بڵاودەکرێنەوە بۆ پاراستنی دەنگدەران لە ڕێکخراوە توندوتیژییەکانی دەرمان کە هەوڵێکی زۆرییان داوە تاوەکو ئەو بەربژێرانەی خۆیان دەیانەوێت سەربکەون.
بەپێی ژمارە فەڕمییەکان، لە ماوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا زیاتر لە دوو دەرزەن سیاسەتمەداری ناوخۆیی دیار کوژراون، لە وڵاتێکدا کە سیاسەت و تاوان و گەندەڵی زۆر لە نزیکەوە تێکەڵی یەکتر بوون.
ڕۆژی شەممە بەرپرسانی ناوخۆ لە ئاماژەیەکدا بۆ قورسی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان لەو شوێنانەدا کە ئەو ڕێکخراوە توندوتیژانە تێیاندا باڵا دەستن، دەنگدانەکەیان لە دوو شارەوانی باشوور ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی توندوتیژییەوە.
پڕۆفیسۆر لە زانکۆی جۆرج مەیسنی ئەمەریکا گوادەلوپێ کۆریا کابرێرا وتی " شەڕکردن دژی تاوانی ڕێکخراو گەورەترین ئاڵنگاری دەبێت بۆ سەرۆکی دواتر."
وتیشی لە ماوەی دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتییەکەی لۆپێز ئۆبرادۆردا ئاسایشی وڵاتەکە " لە لاوازترین خاڵیدا " بووە.
شەینباوم بەڵێنیداوە بەردەوام بێت لە سیاسەتە مشتومڕ لەسەرەکەی ئۆبرادۆر کە ئەویش بریتییە لە ستراتیژی " باوەشکردن نەک فیشەک " بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی تاواندا.
لە ساڵی 2006 ەوە کاتێک حکومەتی مەکسیک سوپای ڕەوانەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە دەرمانەوە لە مەکسیکدا، زیاتر لە 45,000 کەس کوژراون و دەیان هەزاران کەسیش بێسەروشوێن بوون.
سەرچاوە/ فرانس پرێس