Accessibility links

مێتای خاوەنی فەیسبووک دەزگا ڕاگەیاندنە ڕووسیاییەکان لەسەر ' دەستوەردانی دەرەکی ' قەدەغە دەکات


کۆمپانیای مێتا ڕایگەیاند دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ڕووسیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی قەدەغە دەکات و دەڵێت گوایە دەزگاکان تاکتیکی هەڵخەڵەتاندنیان بەکارهێناوە بۆ گەورەکردنی پڕوپاگەندەی ڕووسیا. ڕۆژی سێشەممە کرێملن ئەو ڕاگەیاندنەی مێتای سەرکۆنە کرد.

مێتا کە خاوەنی فەیسبووک و وەتسئەپ و ئینستاگرامە، درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە وتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قەدەغەکردنەکە جێبەجێ دەکات لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستوەردانە شاراوەکانی ڕووسیا.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " ئەو جۆرە کارانە دژی میدیای ڕووسیا جێی قبووڵکردن نیە و مێتا بەم کارانەی متمانەی خۆیان کەم دەکەنەوە."

پێسکۆڤ وتی " ئێمە بە شێوەیەکی زۆر نەرێنی سەیری ئەمە دەکەین، ئەمە بێگومان ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ مێتا ئاڵۆز دەکات."

ئاڕ تی کە پێشتر بە ڕووسیا تودەی ناسرا بوو. ڕووسیا سێگۆدنیا کۆمپانیای هاوبەشە لە پشت دەزگای ڕاگەیاندنی ئاڕ ئای ئەی نۆڤۆستی و دەزگا هەواڵییەکانی وەکو سپوتنیکەوە.

کارەکانی مێتا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت ئەمەریکا سەپاندنی سزای نوێی ڕاگەیاند بەسەر ئاڕ تیدا، دەزگا هەواڵییەکەی کرێملنی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی بەشێکی سەرەکی بووە لە ئامێری جەنگەکەی ڕووسیادا و هەوڵەکانی بۆ ئەوەی ڕکابەرە دیموکراتەکانی بخاتە مەترسییەوە.

هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی ئەمەریکا وتییان ئاڕ تی دەستاودەست لەگەڵ سوپای ڕووسیا و کەمپینەکاندا کاردەکات بۆ دابینکردنی پارە بۆ چەکە نیشانشکێنەکان و زریپۆش و کەلوپەلی دیکە بۆ ئەو سەربازانەی ڕووسیا کە لە ئۆکرانیا شەڕ دەکەن. وتیشیان ماڵپەڕەکانی ئاڕ تی کە وەکو ماڵپەڕی ڕەوای هەواڵی خۆیان پیشانداوە بەکارهێندراون بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست و پڕوپاگەندە لە ئەوروپا و ئەفریکا و ئەمەریکای باشوور و چەندین شوێنی دیکە.

پێشتر لەم مانگەدا بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەستی بەسەر ئەو ماڵپەڕانەدا گرت کە لەلایەن کرێملنەوە بەڕێوەدەبرێن و دوو کارمەندی ئاڕ تی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دابینکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ کۆمپانیایەکی دروستکردن لە تێنێسی بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ بە زمانی ئینگلیزی بۆ گەیاندنی پەیامی لایەنگری کرێملن.

مۆسکۆ ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

ئاڕ تی وتی مێتا و فەیسبووک " پێشتریش دوو ساڵ لەمەوبەر ئاڕ تییان لە ئەوروپا قەدەغەکرد و ئێستا گەیشتنی زانیارییەکانییان بە سەرانسەری جیهان سانسۆر کردووە."

مۆسکۆ لە مانگی سێی ساڵی 2022 دا مێتای وەکو گروپێکی توندڕەو ناساند، ئەوەش بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی هێزەکانی ڕەوانەی ئۆکرانیا کرد، هەروەها فەیسبووک و ئینستاگرامی قەدەغە کرد. هەروەها تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسیشی قەدەغەکرد. ئێکس و فەیسبووک و ئینستاگرام پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە نێو ڕووسیاییەکاندا بەناوبانگ بوون. ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە ئێستا تەنها لە ڕێی ڤی پی ئێنەوە لەو وڵاتەدا بەردەستن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG