ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیسڕائیل داوای لە ئێران کرد بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێکەوتنێکی ناوەکی نوێ.
جێی ئاماژەیە لەژێر سەرکردایەتی مێرکڵدا، ئەڵمانیا و ئیسڕائیل پەیوەندییەکی نزیکیان هەبووە لەڕووی هاریکارییەکانی نێوانیانەوە سەبارەت بە ئێران و بەرنامە ناوەکییەکەی. سەردانەکە لەکاتێکدایە ئێران دەڵێت 120 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە.
لە ماوەی 16 ساڵی دەسەڵاتەکەیدا وەکو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئەمە هەشتەمین جارە مێرکڵ سەردانی ئیسڕائیل دەکات، هەروەها دوایین سەردانی فەڕمیشیەتی بۆ ئەو وڵاتە.
لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ هۆشداریدان بە جیهان لەسەر نزیکبوونەوەی ئێران لە بۆمبی ناوەکی.
وتی " بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لە پێشکەوتووترین خاڵیدایە، جیهان چاوەڕێی دواکەوتنی ئێران دەکات لە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان، هاوکات ئامێرە جیاکەرەوەکانی بەردەوامن لە خولانەوە."
مێرکڵ داوای لە ئێران کرد بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێکەوتنێکی ناوەکی نوێ، سەردانەکەی بۆ ئیسڕائیل لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاند 120 کیلۆگرامیان لە یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 20 پیتاندووە.
ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و ئەمەریکا و چین و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و ڕوسیا و فەڕەنسا بووە هۆی کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران و لەبەرامبەریشدا سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی. بەڵام لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. لەلای خۆشیەوە تاران کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پشتگوێ خستووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا