Accessibility links

سەرۆک ترامپ تاجە گوڵینە لە گۆڕستانی ئەرلنگتنی نیشتمانی دادەنێت

  • VOA News

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاجە گوڵینەی دانا لە گۆڕستانی ئەرلنگتنی نیشتمانی لە نزیک واشنتنی پایتەخت، ئەمەش لە ڕۆژی یادەوەری ئەو سەربازانەی لە پـێناو ئەمەریکا و بەهاکانی گیانی خۆیان بەخشی.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ جەیمس ماتس وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکر ئامادەی ئەو مەراسیمە بوون کە لە گۆڕستانی ئەرلنگتن سازکرا.

پاش دانانی تاجە گوڵینەکان، سەرەتا جەنەڕاڵ دەنفۆرد و وەزیری بەرگری وتاریان پـێشکەش کرد و پاشان سەرۆک ترامپ.

سەرۆک ترامپ لە وتارەکەیدا گوتی هەرگیزا و هەرگیز ئەو سەربازانەمان لە یاد ناکەین کە گیانی خۆیان بۆ نیشتمان و بەهاکانی کردە قوربانی. گوتیشی هیچ وشەیەک نیـیە بتوانیت ئاستی ئەو قوربانیـیەی پێ دەرببڕیت کە پیاو و ژنانی ئەم وڵاتە بەخشیویانە لە پـێناو ئەمەریکا و ئازادی و ڕزگاری.

بەر لە مەراسیمەکە سەرۆک ترامپ لە تویتەری خۆی نووسی" ئەمڕۆ یادی ئەو پیاو و ژنانە دەکەینەوە کە لە خزمەتەکەیاندا قوربانیـیەکی بێ ئەندازەیان داوە. خودا خێزانەکانتان بپارێزێت، خودا ئەمەریکا بپارێزێت!"

جێی ئاماژەیە هەموو ساڵێک، دوایەمین ڕۆژی دووشەممەی مانگی پـێنج "ڕۆژی یادەوەری"‌یە لە ئەمەریکا. لەم ڕۆژەدا کە کراوەتە پشوو، ملیۆنان ئەمەریکایی بۆ یادکردنەوەی ئەو خۆشەویستانەیان ڕوو لە زیاتر لە 140 گۆڕستانی لەشکری و نیشتمانی لە سەرانسەری وڵاتەکە دەکەن و دەچنە سەر گۆڕەکانیان و بە گوڵ و ئاڵای ئەمەریکاوە دەیانڕازێنـنەوە.

هەروەها هەزاران کەس کە بەشی زۆریان سەربازی دێرینن بە ماتۆر سکیلی جۆری Harley-Davidson ڕوو لە واشنتنی پایتەخت دەکەن و ئاڵای ئەمەریکا بەسەر ماتۆرەکانیانەوە دەکەن.

ڕۆژی یادەوەری لە ساڵی 1868 لە پاش شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا وەک بۆنەیەک دانرا بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی ئەو شەڕە، بەڵام لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی هەروەها کرا بە ڕۆژی یادکردنەوەی ئەو سەربازانەشی بۆ خزمەتی وڵاتەکەیان گیان لەدەست دەدەن. لە ساڵی 1971 کرا بە ڕۆژێکی پشوو لە سەرانسەری ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG