Accessibility links

کەسێک لە ئەمەریکا زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلار دەباتەوە


کەسێک لە ئەمەریکا 1.537 ملیار دۆلاری بردووەتەوە لە پاش کڕینی بلیتێکی لۆتەری مێگا ملیۆنز Mega Millions، بەمەش دەبێتە براوەی گەورەترین بڕە پارە لە مێژووی یاری لۆتەریدا، ئەوەی لە عێراق بە یانەسیب و لە ئێران بە بەخت ئازمایی ناودەبرێت.

کاربەدەستانی لۆتەری مێگا ملیۆنز ڕایانگەیاند کەسەکە لە ویلایەتی ساوث کارۆلاینایە، واتە یەکێک لەو هەشت ویلایەتەی کە بەپـێی یاسا براوەکانی یاری لۆتەری دەتوانن خۆیان ئاشکرا نەکەن.

لە ئێستا ئەو کەسە لە بەردەم دوو بژاردەدایە، ئەویش یان ئەوەتا 1.537 ملیار دۆلارەکەی بۆ دابەشبکەن و لە ماوەی 30 ساڵدا هەمووی بدەنێ و یانیش 877.8 ملیۆن دۆلار بە یەک جار وەربگرێت.

هەرچەندە ئەمە یەکەم جارە لۆتەری لە ئەمەریکا بگاتە ئەم بڕە پارەیە، بەڵام پێشتر زۆر جار گەیشتووەتە سەدان ملیۆن دۆلار.

بەشێک لە پارەکە وەک باج دەدرێت بە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ویلاتەکە وە لەو پارەیە خوێندنگە و شوێنە گشتیەکانی پێ نۆژەن دەکرێتەوە.

ئەم یاری لۆتەریـیانە لە واشنتنی پایتەخت و 44 ویلایەتی دیکە دەکرێن. شەوی ئەمڕۆ چوارشەممەش ژمارەی براوەی لۆتەریـیەکی دیکە ڕادەگەیەنرێت کە بە پاوەربۆڵ Powerball ناودەبرێت. ئەویش گەیشتووەتە بڕە پارەیەکی زۆر کە 620 ملیۆن دۆلارە.

بلیتەکانی هەردوو یاریـیەکە بە 2 دۆلارە.

XS
SM
MD
LG