Accessibility links

نوێنەری سەرۆک ئۆباما داوا لە کۆنگرێس دەکات کاربکەن بۆ یارمەتیدانی دارایی هەرێمی کوردسـتانی عێراق


نوێنەر سەرۆک ئۆباما لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش داوای لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کاربکات بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردسـتانی عێراق لە ڕووی دارایـیەوە، لەم کاتەی پـێشـمەرگە شەڕی داعش دەکات.

برێت مەکگورک ڕۆژی چوارشەممە لە بەردەم کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئەم داوایەی ئاڕاستەی کۆنگرێس کرد و باسی لە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و هەروەها ناکۆکیـیەکانی نێو ماڵی کوردی کرد و گوتی:

" لە سەردەمی سەرۆک وەزیری پـێشوو نوری مالیکی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەرێمی کوردسـتان و بەغدا زۆر خراپبوون. بەڵام لەگەڵ عەبادی زۆر جیاوازن. من دەمەوێت زۆر بە ڕوون و ئاشکرا پـێتان بڵێم کە هەرچی باری چەک و پـێداویستی هەبووە ویستوومانە بۆ کوردەکانی ڕەوانە بکەین گەیشتووە و هیچیان لە لایەن حکومەتی ناوەندی عەبادیـیەوە ڕانەگیراون."

پاشان کۆنگرێسمان جێری کانلی کە دۆسـتێـکی کوردە قسەکەی پـێ بڕی و گوتی "بەڵام موچەی سەربازەکان نادات"، ئەمەش مەبەستی پـێشمەرگەیە.

مەکگۆرک لە وەڵامدا گوتی " زۆر کەس لە عێراق موچەیان نادرێتێ. ڕاستیـیەکەی ئەوەی ئێسـتا لە عێراقدا لە کەرتی نەوت دەکرێت، کوردەکان نەوتی خۆیان هەناردە دەکەن و داهاتەکەی بۆخۆیان هەڵدەگرن، بۆیە لە داهاتی نەوتی باشوری بەشیان نادرێتێ ئەمەش شتێـکی ڕەوایە. بەڵام وەکو ئاماژەم پـێکرد عێراق مانگەنە 5 ملیار دۆلار کورتی لە بودجەکەی هەیە ئەمەش گرفتێـکی گەورەیە. سەبارەت بە بودجەی پـێشمەرگەش 400 ملیۆن دۆلار کورتی هەیە. پـێشمەرگە مانگە پـێویستی بە 50 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ پـێدانی موچەکەی. ئینجا بۆیە ئێمە دەمانەوێت بە گشتی مامەڵە لەگەڵ ئەم مەسەلەیە بکەین لە ڕێگەی ئامۆژکاری بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە دارایـیەکانی دیکەی نێودەوڵەتی. بێ گومان کوردەکان ئەوەی پـێویستیان پـێی هەبێت بۆ شەڕی داعش و سەرکەوتن لە ڕزگارکردنی موسڵ بەدەسـتبهێنن، ئەوا بۆیان دابین دەکرێت. سەرۆک بارزانی لە میونخ دەبینم و بەڕێز عەبادی ئەویش لەوێ دەبێت. کاتێک هەفتەی ڕابردوو کە لە عێراق بووم شاندێـکی زۆر باڵای حکومەتی هەرێمی کوردسـتان لە بەغدا بوون و لەگەڵ بەڕێز عەبادی کۆبوونەوە و پەیوەندی نێوانیان لە ئێسـتادا زۆر باشە و دەمانەوێت هەروەها بمێنێتەوە. کورد لە باکور عێراق ناکۆکی سیاسی زۆریان لە نێواندایە، منیش وەکو دۆستێـکی نزیکیان لەوێ هانیان دەدەم ڕێگەچارە بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنیان. کاتێـک داعش لەسەر دەرگایان بوو هەموو کوردەکان یەکگرتووبوون، کوردەکانی سوریا، کوردەکانی عێراق، هەر هەموویان یەکگرتووبوون بە تایبەتی لە کاتی کۆبانی کە پـێشمەرگە لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ شەڕی کۆبانی ڕۆیشتن بە ڕاستی ساتێـکی مێژوویی بوو کە منیش بەشێـک بووم لێی. بەڵام ئێستا کە تۆزێـک مەترسیـیەکانی داعش کەمبوونەتەوە هەموو ناکۆکیـیەکان سەریان هەڵداوەتەوە. سێ پارتی کوردی لە باکور هەن ناکۆکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە، ناکۆکی لە نێوان کوردەکانی سوریا و عێراق هەیە. پەیامی ئێمە بۆ ئەوان هێشتا ئەم شەڕە کۆتایی پـێ‌نەهاتووە، تەواوی سنووری باشوری هەرێمی کوردسـتان لە لایەن داعشەوە کۆنترۆڵکراوە، بۆیە هەتا حاڵەتەکە بەو شێوەیە بێت، ئەوا بارودۆخێکی سەقامگیر لەوێ نابێت. ئامۆژکاری ئێمە ئەوەیە یەکگرتووبن لە بەرامبەر مەترسیـیەکانی داعش. بەڵام سەرەڕای ئەو جیاوازیـیە زۆرانە، لە ئێسـتادا دەبێت لەم کێشە دارایـیەی هەیانە یارمەتیان بدەین، منیش چاوم لەم کۆمیتەیەیە بۆ ئەم کارە."

پاشان کۆنگرێسمان جێری کانلی گوتی خۆشحاڵم گوێم لەمەیە و پـێموایە پـێویستە ئەو پـێداویستیـیە دارایـیانەیان بۆ دابین بکەین چونکە بە ڕاستی ئەوان شەڕەکە دەکەن.

برێت مەکگورک لە بەشێـکی قسەکانی باسی لە سەردانەکەی بۆ کۆبانی کرد و گوتی هەفتەی ڕابردوو سەردانی شاری کۆبانی کردبوو و چووبوو بۆ ئەو شوێنەی کە لەسەر فەرمانی سەرۆک ئۆباما فڕۆکە بارهەڵگرەکانی لەشکری ئەمەریکا لە مانگی یازدەی ساڵی 2014 ئامێر و پـێـدوایستـیە لەشکریـیەکانیان بەردایەوە بۆ شەڕڤانانی یەپەگە. گوتیشی فەرماندەیەکی یەپەگە پـێی گوتووە بەبێ ئەو یارمەتیـیانە ئەوا کۆبانیان لەدەسـتدەدا.

هەروەها گوتی لەو کاتەوە کار لەگەڵ ئەو هێزانە لەسەر زەوی دەکەین و توانیویانە شکست بە داعش بهێنن و تەنها لە شاری کۆبانی 6 هەزار چەکداری داعش کوژراون. پاشان ئەو هێزانە توانیویانە ناوچەیەکی فراوانی لەسەر سنووری سوریا کۆنترۆڵ بکەن و بەرەو باشوریش پـێشڕوی بکەن.

مەکگورک باسی لەوەش کرد داعش 40% ی ئەو ناوچانەی داگیری‌کردبوون لە عێراق و 10 % ی ئەو ناوچانەی داگیری‌کردبوون لە سوریا لەدەسـتی‌داون، هەروەها باری ئابوری داعش خراپبووە و موچەی چەکدارەکانی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە.

پاشان گوتی لە ئێسـتادا داعش تەنها ناوچەیەکی بە درێژایی 98 کیلۆمەتر بەدەسـتەوە ماوەتەوە تاوەکو لە ڕێگەی وشکانی بە جیهان بگات، ئەویش لەسەر سنووری تورکیایە. گوتیشی لە چەند مانگی ڕابردوو چەندان کۆبوونەوەیان لەگەڵ کاربەدەسـتانی تورک ئەنجام‌داوە، لەوانە سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆک وەزیری ئەحمەد داوود ئۆغڵو بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکەیان لەگەڵ داعش و ئەمەش ئەنجامی باشی هەبووە و ئێسـتا سنوورەکە زۆر بە توندی گیراون بە بەراورد بە شەش مانگ لەمەوبەر، بۆیە هاتوچۆی کەسانی داعش لەو سنوورە زۆر قورس بووە.

ئێد ڕۆیس سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرەتای دانیشتنەکە ئاگاهی دا کە داعش زۆر جێی مەترسیـیە و لە چەندان وڵات گروپ هەن پشـتیوانی لێدەکەن. گوتی لە ئێسـتادا 50 گروپ لە 21 وڵات لە سەرانسەری جیهان پەیوەندیـیان بە داعشەوە هەیە.

نوێنەری سەرۆک ئۆباما لەم بارەیەوە دانی‌نا بەو ڕاستیـیەی کە هێشـتا داعش مەترسیـیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر هەموو جیهان، سەرەڕای ئەو بەرەوپـێشچوونانەی بەدەسـتهاتوون لە عێراق و سوریا.

گوتیشی بۆیە لە ئەمساڵدا کاری زیاتر و خێراتر لە دژی داعش ئەنجام دەدرێت و سەنگی دەخرێتە سەر هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ کە بە کارێـکی قورسی ناودێرکرد بەو پـێـیەی نزیکەی یەک ملیۆن کەس تیایدا دەژین.

جەختی لەوەش کرد هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی تاووتوێی پـلانەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و هێزەکانی پـێشمەرگە و هێزە سووننەکان دەکات بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هێرشی سەر داعش لە موسڵ.

باسی لەوەش کرد کە لە ئێسـتادا شەڕی موسڵ دەسـتیپـێکردووە بە بڕینی ڕێگەوبانەکانی بۆ ئەو شارە و هەروەها بۆردومانکردنی عەمبارەکانی چەک و تەقەمەنی و بنکەکانی مەشق و ڕاهێنانی.

XS
SM
MD
LG