واپێشبی دەکرێت سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی ڕۆژی هەینی بەرواری دەستلەکارکێشانەوەکەی دیاریبکات بۆ ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرێکی نوێدا کە ئەویش هەوڵدەدات ڕێکەوتنێکی باشتر بۆ جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا واژۆ بکات.
دوای سێ ساڵ لە پۆستەکەی کە هەمیشە قەیرانی ڕووبەڕووبۆتەوە، وابڕیارە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی 1922 ی حیزبەکەیدا کۆببێتەوە کە ئەو لیژنەیە دەتوانێت سەرۆکەکانی حکومەت لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە.
لە ماوەی هەڵبژاردنەکانی حیزبەکەیدا بۆ دیاریکردنی ڕابەرێکی نوێ بۆ حیزبەکە، مەی لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە کە شەش هەفتە دەخایەنێت. ڕۆژنامەی تایمز ئاماژەی بەوەدا پێشبینی دەکرێت ڕکابەرییەکان بۆ سەرۆکایەتیکردنی حیزبەکە لە 10 ی مانگی حەوتدا دەست پێبکات دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ بەڕیتانیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز