Accessibility links

مەی بە کۆمەڵێک ڕێکەوتنی بازرگانییەوە کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ چین دەهێنێت


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی و هاوسەرەکەی فیلیپ لە شەنگەهای، چین
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی و هاوسەرەکەی فیلیپ لە شەنگەهای، چین

حکومەتی بەڕیتانیا ڕایگەیاند سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی کۆمەڵێک ڕێکەوتنی ئەنجامداوە کە نرخەکەیان دەگاتە 9.3 جونەیهی ئیستەرلینی کە 13.26 ملیار دۆلار دەکات و لەوانەیە زیاتر لە 2500 هەلی کار لە بەڕیتانیادا دروست بکات، ئەمەش لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ چین.

وەزیری بازرگانی لیام فۆکس لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەو ڕێکەوتنانەی لەم هەفتەیەدا واژۆ کراون نرخەکەیان دەگاتە زیاتر لە نۆ ملیار جونەیهی ئیستەرلینی و ئەوەش داخوازییەکی ڕوون و ئاشکرا دەردەخات لەسەر خزمەتگوزارییەکانی بەڕیتانیا."

وتیشی " بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییە کە سوودی دەبێت بۆ کۆمپانیا بەڕیتانییەکان لەوەی کە ساڵانە 59 ملیار جونەیهی ئیستەرلینیان دەست بکەوێت لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا."

بەیاننامەکە ئاماژەش بەوەدەدا کە پێشبینی ئەوە دەکرێت ئەو ژمارەیە زیاد بکات لەگەڵ زیادبوونی ڕێکەوتنەکاندا.

جێی ئاماژەیە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی کۆتایی بە گەشتە سێ ڕۆژییەکەی هێنا بۆ شەنگەهایی چین کە بە پایتەختی بازرگانی دادەنرێت.

بەڕیتانیا هەوڵدەدات ڕۆڵێکی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە لە بازرگانیکردنی ئازاددا دوای بڕیارەکەی بۆ کشانەوە لە یەکێتی ئەوروپا و هیوادارە ڕێکەوتنی بازرگانی ئازاد واژۆ بکات لەگەڵ دووەم گەورەترین ئابووری جیهاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG