وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتیس لە برۆکسلە و لەوێ ڕاوێژی هاوپەیمانەکانی ناتۆ دەکات سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هێز و یارمەتییەکانی تر لە ئەفغانستان، پێش ئەوەی سیاسەتی خۆی ڕابگەیەنێت سەبارەت بە ئەفغانستان.
پێنتاگۆن بەڵێنی پلانێکی نوێی داوە بۆ ئەفغانستان، مایکڵ ئۆ هانلۆنی شیکاری بەرگری لە پەیمانگای برۆکینس پێشبینی پلانێک دەکات کە ستراتیژی " لابردنی پلانەکەی پێشوو و دانانی پلانێکی تر لە جیاتی" نەبێت ، بەڵکو چاکسازییەک دەبێت لە پلانی بەڕێوبەرایەتیەکەی پێشووی ئۆبامادا.
ئۆ هانلۆن بە دەنگی ئەمەریکای وت " ماتیس و ترامپ هەوڵی چاککردنەوەی هەڵەیەک دەدەن کە سەرۆک ئۆباما کردوویەتی و بە مانایەکی تر ستراتیژییەکەی ئۆباما بەشێوەیەکی گونجاو بەکاردەهێننەوە کە ئۆباما خۆشی وا بەکاری نەهێناوە."
ستراتیژییەکە بە هەمان شێوە گرنگی دەدات بەوەی ئاسایشی وڵاتەکە بە دەست هێزەکانی ئەفغانستان خۆیانەوە بێت. بەڵام ئۆ هانلۆن ڕوونی دەکاتەوە بۆچی سەرۆکی پێشوو هەڵەیەکی ئەنجامداوە کاتێک پشتیوانی سەربازیی ئەمەریکای بڕی لە وڵاتەکەدا و لە ماوەی چوار ساڵدا 100,000 سەربازی ئەمەریکای کەم کردەوە بۆ 10,000سەرباز.
جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆردی جەنەڕاڵی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە گەیشتە ئەفغانستان بۆ ئەوەی ستراتیژییەکەی ئەمەریکا جێبەجێ بکات وئەگەری ئەوە هەیە 4000 سەربازی تر بنێردرێت بۆ ئەفغانستان.
سەرچاوە/ VOA