بەرپرسانی لیبیا تەرمی نزیکەی 50 کەسییان لە دوو گۆڕی بە کۆمەڵدا لە بیابانی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا دۆزییەوە، ئەمەش لە نوێترین تراژیدیای ئەو کەسانەدا کە هەوڵ دەدەن لە ڕێی لیبیاوە بگەن بە ئەوروپا.
بەڕێوبەرایەتی ئاسایش وتی گۆڕی یەکەم ڕۆژی هەینی دۆزرایەوە و 19 تەرمی تێدا بوو، گۆڕەکە دەکەوێتە کێڵگەیەکەوە لە شاری کوفرەی باشووری ڕۆژهەڵاتی لیبیا، وتیشی تەرمەکان توێکارییان بۆ دەکرێت.
ڕێکخراوی خێرخوازی ئەلئەبرین کە یارمەتی کۆچبەران دەدات لە ڕۆژهەڵات و باشووری لیبیا، وتی هەندێک لە تەرمەکان وادیارە کە بە فیشەک لێیان دراوە و پێش ئەوەی بخرێنە گۆڕەکەوە بە کۆمەڵەکەوە کوژراون.
محەمەد ئەلفازیلی سەرۆکی ژووری ئاسایش لە کوفرە وتی گۆڕێکی بە کۆمەڵی دیکە بە هەمان شێوە لە کوفرە دۆزراوەتەوە کە لانیکەم 30 تەرمی تێدا بووە، دۆزینەوەکە دوای ئەوە بووە کە ئاسایش هێرشی کردووەتە سەر ناوەندنێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. ڕزگاربووان وتییان نزیکەی 70 کەس لە گۆڕەکەدا نێژراون. بەرپرسان هێشتا بە ناوچەکەدا دەگەڕێن.
گۆڕی بە کۆمەڵی کۆچبەران شتێکی باون لە لیبیادا، لە ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی وڵاتەکە تەرمی لانیکەم 65 کۆچبەرییان لە ناوچەی شوەیریف دۆزییەوە، کە دەکەوێتە باشووری تەڕابلسی پایتەختەوە.
سەرچاوە/ AP